بڵاوکراوەتەوە لە: 16-03-2024

چالاکییەکانی زانکۆی هەڵەبجە لە ۳٦هەمین ساڵیادی جینۆسایدی هەڵەبجەدا

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ۱٦ی ۳ی ۲۰۲٤ لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی هەڵەبجە لە ۳٦هەمین ساڵیادی جینۆسایدی هەڵەبجەدا بە ئامادەبوونی بەڕێز د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پ.د.مهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆ و بەڕێز ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و چەندین کەسایەتی حکومی و ئیداری و حیزبی و خانەوادەو کەسوکاری شەهیدان و مامۆستایانی زانکۆ چەند چالاکییەک بەڕێوەچوو .

سەرەتا و وەک هەمیشە بەچەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەمووان چەند خوولەکێک بەبێدەنگی بەپێوە وەستان .

دواتر د.ئارام محمد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێکی خوێندەوەو تیایدا هاوخەمی و پەژارەی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو کارەساتە گەورەو جەرگبڕەی کەبەسەر مناڵ و ژن و خەڵکی بێتاوانی ئەم شارەدا هاتووە ، هەر لەوتارەکەیدا دەسکەوتێکی گەورەی زانکۆی هەڵەبجەو شاری هەڵەبجەی واژۆ کردو فەرمانی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی هەڵەبجەی ڕادەستی پ.د.ماباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە کرد .
پاشان پ.د.مهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە وتاری سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجەی خوێندەوەو هاوخەمی خۆیان بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە دەربڕی .

لە درێژەی چالاکییەکاندا لەلایەن گرووپی فێرگەی ( نەوا ) چالاکی دەف ژەنین بەناونیشانی ( پەنجەکانی شار ) پێشکەشکراو ، سردووی شارەکەم لەلایەن هونەرمەند ( نەجم محمد عبداللە ) پێشکەشکرا .

لەکۆتاییدا پانێڵێک بەناونیشانی ( هەڵەبجە لە جینۆسایدکردنەوە ، بۆ ئاوەدانکردنەوەو قەرەبوو کردنەوە ) لەلایەن دکتۆرە بەفراو ڕەووف حمە یوسف بەڕێووەچوو بۆهەریەک لەبەڕێزان :

یەکەم / پانێڵیست محمد علی قادری سەرۆکی فەرمانگەی چاودێری کۆمەڵایەتی کۆماری ئێسلامی ئێران بەناونیشانی ( دۆخ و چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ) پێشکەشکرد .

دووەم / پانێڵیست د.عیبار ڕۆحی بەناونیشانی ( هەڵسەنگاندنی بڕیاری دادگای لاهای لە کەیسی ( فرانس ڤان ئان رانت )دا پێشکەشکرد .

سێیەم / پانێڵیست د.ئاوارە محمد حسێن ڕاگری کۆلێجی یاسا بەناونیشانی ( بنەماو شێوازەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە ) پێشکەشکرد .

بەکۆتایی هاتنی پانێڵەکە کۆتایی بەچالاکییەکانی ۳٦ هەمین ساڵیادی جینۆسایدی هەڵەبجە لە زانکۆی هەڵەبجە کۆتایی هات .

chevron-down