بڵاوکراوەتەوە لە: 25-01-2024

لە مەڕاسیمێکدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بەشداربووانی پڕۆژەی دووەمی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤/١/٢٠٢٤ لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی هەڵەبجە، مەڕاسیمی ڕێزلێنان لە بەشداربووانی پڕۆژەی دووەمی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدرا، لەسەرەتای مەڕاسیمەکەدا (پڕۆفیسۆر د. مەهاباد کامیل عەبدوڵا) سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە وتەیەکی پێشکەشکرد، و تێیدا ئاماژە بە گرنگی توێژینەوەکان و ئامانجی ئایندەی زانکۆ کرد. هەروەک سوپاسی توێژەرانی کرد لە پای بەشداریکردنی چالاکانەیان لە توێژینەوەکاندا.
لە بڕگەیەکی دیکەی مەراسیمەکەدا، چالاکترین بەشە زانستییەکانی ناو پڕۆژەی دووەمی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان خەڵاتکران، کە زۆرترین ستافیان بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردبوو و زۆرترین خاڵیان بە پێی مەرجەکانی پڕۆژەکە کۆکردبوەوە، بەمجۆرەی لای خوارەوە:
پلەی یەکەم: بەشی زانستی کۆمپیوتەر
پلەی دووەم: بەشی زمانی کوردی
پلەی سێیەم: بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی
پلەی چوارەم: بەشی پەروەردی وەرزش
لە درێژەی مەڕاسیمەکەدا، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، خەڵاتی ڕێزلێنانی زانکۆی بەخشییە ڕێکخراوی کەیساین، کە لە ئێستادا هاوکارێکی چالاکی زانکۆن بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی توێژینەوە لە زانکۆدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ستافی زانکۆ کە بەشداربوون لە پڕۆژەی دووەمی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە ژمارەیان ٥٢ توێژەر بوو، بەشدارییان کردوە لە بڵاوکردنەوەی ٣٧ توێژینەوەدا، و توێژینەوەکانیان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆ لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

Photo 2024 01 25 15 54 03

chevron-down