بڵاوکراوەتەوە لە: 10-12-2023

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، لەگەڵ وەفدێکی مەکتەبی شەهیدان و کاروباری ئەنفال و جینۆساید کۆدەبێتەوە

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ی١٢ی٢٠٢٣، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز(پ.د.مهاباد کامل عەبدوڵا) پێشوازیکرد لە وەفدێکی مەکتەبی شەهیدان و کاروباری ئەنفال و جینۆساید.
وەفدی مەکتەبی شەهیدان پێکهاتبوون لە بەڕێزان (بڵێسە جەبار فەرمان) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەکتەب و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەب.
لە گفتوگۆیەکدا کە لە دیوانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو بەئامادەبونی ڕاگری کۆلێجی یاساو کارگێڕی و سەرۆک بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی و سەرۆک بەشی جوگرافیا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە کەیسی شەهیدان و ئەنفال و جینۆساید، زیاتر هاندانی خوێندکاران و مامۆستایان و توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی سەبارەت بە کەیسەکانی شەهیدان و جینۆسایدو ئەنفال بەتایبەت کە هەڵەبجە ڕەمزی شەهیدانی کوردستانە.
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند زانکۆ بەردەوام گرنکی و بایەخی بەو بوارە داوەو بۆ ئەو مەبەستەش (ئەرشیفی دیجیتاڵی جینۆساید)یان لە زانکۆدا هەیەو بەردەوام کاردەکات بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکانی پەیوەست بەو بوارانەوە، ڕاشیگەیاند لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەت بە بوارەکانی جینۆساید شەهیدان و ئەنفال و هەرکەس و لایەنێک کەلەو بوارەدا کاربکەن پەیوەندی درووستدەکەن تا ئەو سەرچاوە گرنگە ئەرشیف بکەن و بتوانن سوودی لێوەرگرن بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی نەتەوەیی کورد.
وەفدی میوان دەستخۆشیان لە سەرۆکی زانکۆ کردو ماندووبونیان لەو بوارەدا بەرز نرخاندو خوازیاربوون پێکەوە هاوکاربن تا زیاتر بتوانن خزمەتی زیاتربکەن.

chevron-down