بڵاوکراوەتەوە لە: 12-11-2023

شاندێكی زانكۆی هەڵەبجە بەشداریی لە چالاكی چوارەمی پڕۆژەی (TeachersMOD) دەكەن لە زانكۆی پاڤیا لە وڵاتی ئیتاڵیا

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

شاندێكی زانكۆی هەڵەبجە كە پێكهاتبوو لە دكتۆر ڕێبوار زەینەدین ڕاگری كۆلیجی پەروەردەی بنەڕەت، م. هۆشمەن عەتا سەرۆكی بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان، م. هیدایەت محمد سەرۆكی بەشی زمانی ئینگلیزیی و م. ئاسۆ ئەحمەد سەرۆكی بەشی زمانی عەرەبی، بەشدارییان لە چالاكی چوارەمی پڕۆژەی تیچەرزمۆد لە زانكۆی پاڤیا لە وڵاتی ئیتاڵیا كرد. چالاكیەكە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوامبوو، لە ڕێكەوتی (30/10/2023)-(3/11/2023). ئەو پڕۆژە بە بەشداری پێنج زانكۆی هەرێمی كوردستان و سێ زانكۆی ئەوروپی  بە پشتیوانی دارایی یەكێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئیراسمۆس پڵەس لەماوەی دووساڵ بەڕێوەدەچێت. 

لەو چالاكیەدا چەندین ۆركشۆپ و سیمینار و گفتوگۆی چڕ دەربارەی ڕێگاكانی وانەوتنەوەی نوێ، ئەپدەیتكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن و ناوەڕۆكی وانەكان، پێشخستنی تواناكانی مامۆستایان لە كۆلیجەكانی پەروەردەی بنەڕەت، پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی پڕۆگرامی زانستە كۆمەڵایەتییەكان بە تایبەت مێژوو لە قۆناغی بنەڕەتی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان.

جێگای ئاماژەیە لە ڕۆژی چوارەمی چالاكیەكە، سیمینارێك لەلایەن م. هۆشمەن عەتاوە پێشكەشكرا دەربارەی (یادەوەرییەكانی جەنگ و ململانێ، كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە) پێشكەشكرا. ناوەڕۆكی سیمینارەكە قسەكردن بوو لە سەر تاوانی گازبارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە. پاشان ڕەنگدانەوەی ئەو كارەساتەو جێگای لە پڕۆگرامی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتییدا، پاشان لەو بارەوە گفتوگۆی هەمەلایەنە ئەنجامدرا و بڕیاردرا سەرنجەكان بە ڕاپۆرتێك پێشكەشی وەزارەتی پەروەرەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.

chevron-down