بڵاوکراوەتەوە لە: 23-10-2023

زانکۆی هەڵەبجە، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی خولی ICT and Modern Academic Tools بەڕێوەچوو

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە ٢٣ی١٠ی٢٠٢٣ لە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی هەڵەبجە مەراسیمی بەخشینی بروانامەی خولی راهێنانی ICT and Modern Academic Tools بەرێوەچوو. خولەکە بەسەرپەرشتی بەرێز سەرۆکی زانکۆ ( پ. د. مهاباد کامل عەبدوڵا)، زانکۆی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە نێوان ٩/٢٥-٢٠٢٣/١٠/٢٣ لە زانکۆی هەڵەبجە بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکەلە ووتەیەکدا بەرێز (پ. د مهاباد کامل عەبدوڵا) سەرۆکی زانکۆ باسی لە گرنگی خولەکە و بابەتەکانی کرد. پاشان (د .محمد سابیر) سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە ووتەیەکدا باسی لە چالاکیەکانی دامەزراوەکە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە و گرنگی ئەمجۆرە خولانە کرد. پاشان بروانامەکان بەخشرا بەبەشداربووان.

خولەکە لە لایەن (م. باوەڕ محمد فرج) وترایەوە، کە لە ماوەی چوار هەفتە و بە شێوەی دوو گروپ بەرێوەچوو، هەر گروپێک ٢ هەفتە(هەفتەی دوو رۆژ) ڕاهێنانی چڕ و پڕی وەرگرت لە بواری نوێترین ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا بۆ فێربوون و فێرکردن هەروەها بەرەوپێشبردنی توانای ئەکادیمی. تەوەرێکی پرۆگرامەکان بریتی بوون لە ئامرازە ئەکادیمیە مۆدێرنەکان. بە گشتی بەشداربووان دوای بەشداریکردن لەم خولەدا ئاشنا کران بە بەرنامەکانی گۆگل G-Suite و نوێترین بەرنامەکان بۆ دروستکردنی سیمینار و فۆرم. هەروەها ئاشنا کران بەبەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە پرۆسەی فێرکردندا، وەک (چات جیپیتی، بارد، و چەندان ئامرازی ژیری دەستکردی)دیکە باسکران کە بابەتی زانستی رۆژن. لەلایەکی دیکەوە ئاشنا کران بە گۆڤارە زانستیەکان و شێوازی دیاریکردن و هەڵبژاردنی گۆڤارێکی گونجاو بۆ بلاوکردنەوەی توێژینەوە تیایاندا.

chevron-down