بڵاوکراوەتەوە لە: 24-06-2023

زانکۆی هەڵەبجە یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی لەگەڵ زانکۆی مورسیا واژوو کرد

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

لە درێژەی هەوڵ و چالاکیەکانی پەیوەندیە ئەکادیمیەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ مەبەستی دروست کردنی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی جیهاندا، زانکۆی هەڵەبجە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنی لەگەڵ زانکۆی مورسیا لە وڵاتی ئیسپانیا واژۆ کرد.

یاداشتنامەکە لەلایەن بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر مەهاباد کامیل عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو بەڕێز پرۆفیسۆر خۆسێ لوخان ئالکاراس جێگری سەرۆکی زانکۆی مورسیا واژۆ کرا بە نوێنەرایەتی بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر دانا عبدالله طاهر، یاریدەدەری کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە زانکۆ هەڵەبجەو ماریا خێسوس پێریاگۆ ڕێکخەری کامپەسی مارێ نۆستروم (Campus Mare Nostrum)

لە خاڵە گرنگەکانی ناو یاداشتنامەکە بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە پەرەپێدانی پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی مامۆستاو تویژەر و خوێندکار، ڕێکخستنی خول و وۆرکشۆپ و سیمینار، ئاڵوگۆڕی سەرچاوەو کتێب و بابەتی ناو کتێبخانەو بڵاوکراوەکان، ئەنجامدانی پرۆگرامی هاوبەشی ماستەر و دکتۆرا.

یاداشتنامەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە، لە چوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا ئەنجامدراوە کە زانکۆی هەڵەبجە هەیەتی بۆ دروست کردنی پردێکی ئەکادیمی و زانستی لەگەڵ زانکۆ ناسراوەکانی ئەوروپا کە مامۆستایان و توێژەران و خوێندکاران دەتوانن لێی سودمەندبن.

زانکۆی مورسیا یەکێکە لە زانکۆ ئەوروپییە بەشداربووەکانی پرۆژەی ئەپڕەیز و خاوەنی ٣٨٠٠٠ خوێندکار و ١٨٠٠ خوێندکاری نێودەوڵەتی و ٢٤٠٠ ستافی ئەکادیمی و پرۆگرامی ماستەرو دکتۆرا لەچەندین بواری جیاوازدا.

chevron-down