بڵاوکراوەتەوە لە: 13-05-2023

وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگی بە سەنتەری پەرەپێدانی كاری زانكۆكانی هەرێم دەدات

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەیەک بۆ داڕشتنی پلانی کاری داهاتووی سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، كە بەرێز مامۆستا بەهادین محەمەد بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی كاری زانكۆی هەڵەبجە بەشداربوو.

لەو کۆبونەوەیەدا د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکیدا بەگرنگی باسی سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکان کرد و ڕاگەیاند: سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار دەتوانن لە کاتی خوێندن و دوای تەواوکردنی خوێندنیش خزمەتێکی گەورە و فراوان پێشکەش بە قوتابیان و خوێندکاران بکەن و، دەرفەتی کاریشیان بۆ بڕخسێنن، دوپاتیشکردەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا پاڵپشتی تەواوی سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کارە (CDC) لە زانکۆکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا کە بەسەرپەرشتی د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەئامادەبونی نوێنەرانی ڕێکخراوی ئایرێکس و پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII) و بەڕێوەبەری سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە وەزارەت و زانکۆکان بەڕێوەچو، بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وتەیەکدا ئامانجی کۆبونەوەکەی ئاشکرا کرد و وتی: دەخوازین پلانێکی تۆکمە و هەمەلایەن بۆ کاری داهاتووی سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە زانکۆکان دابڕێژین، بۆ ئەوەش وتی: سوپاسی ڕێکخراوی ئایرێکس دەکەین، کە لە سەرەتای دامەزراندنی سێنتەرەکان تاوەکو ئێستا هەماهەنگ و هاوکاری سەرەکی وەزارەت بون، وتیشی هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنین. د.خەتاب ئەحمەد ئەوەشی ڕاگەیاند: کە وەزارەت بەهاوکاری ڕێکخراوی ئایرێکس نەخشەڕێ و پلانی کاری داهاتوی سێنتەرەکان دادەڕێژێ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، نوێنەری پەیمانگەی داهێنان و نوێگەری کوردستان (KII) وتی: هەر بیرۆكەیەك ببێتە هۆی داهێنان یان نوێگەری یان بزنسسی نوێ لەبواری (IT) بێت یان بواری سیستمی خزمەتگوزاری وه‌ك (پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا) بێت یان دروستكردنی بەرهەمێكی ناوازە و نوێ بێت، هەموویان بەهەند وەردەگرین، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: سێنتەرەکانی پەرەپێدانی کار (CDC) لە زانکۆکان وێستگەیەک بۆ ئەوەی بتوانین گەنجانی بەرهەمەند بدۆزینەوە و پاڵپشتی تواناکانیان بکەین، وتیشی خۆشحاڵ دەبین ئاستی هەماهەنگیمان لەگەڵ سێنتەرەکان فروان بکەین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتنی پلانی داهاتوی کاری سێنتەرەکان کرد، بەئامانجی پەرەپێدانی توانای خوێندکاران و قوتابیان و دەرچوان و یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پاڵپشتیکردنی بیرۆکەکانیان، بەو پێیەی سێنتەرەکان دەتوانن دەرفەتی گرنگ بۆ دەرچوان بڕخسێنن تا پەرە بەتوانا و لێهاتوەکانیان بدەن بۆ چۆنیەتی دۆزینەوەی کار، هەروەک جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە زانکۆکان بەهاوکاری شارەزا و پسپۆڕان پرۆگرامی ڕاهێنان لە بوارە جیاکان دابڕێژن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوان چەندین بیروڕایان خستەڕو، هەروەک چەند پێشنیازێکیشیان بۆ کار و پلانی داهاتوی سێنتەرەکان خرایەڕو.

chevron-down