بڵاوکراوەتەوە لە: 17-01-2023

زانکۆی هەڵەبجە: مەڕاسیمی کۆتایی (پڕۆژەی ٤٠ توێژینەوە) ئەنجامدرا

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

 سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٧-١-٢٠٢٣ لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی هەڵەبجە مەراسیمی کۆتایی( پڕۆژەی ٤٠ توێژینەوە) بەڕێوەچوو. سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پیکرد. پاشان سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕیز (پ.د.مهاباد کامل عبدالله) ووتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی ستافی ئەکادیمی و توێژەرانی بەشدار لە پڕۆژەکەی کردو پیرۆزبایی ئاڕاستەی توێژەران کرد، ئاماژەی بەپێشکەوتنی زانکۆو ئەوهەنگاوانەی لەبوارەجیاوازەکانداناوەکرد. لە بڕگەیەکی دیکەدا، (م. باوەڕ محمد فرج) بەرپرسی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان باسی لە وردەکاری و دەرەنجامەکانی پڕۆژەی چل توێژینەوە کرد. ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ڕابردوودا ٢٥ توێژینەوەی جیاواز لە بوارە جیاوازەکانەوە لە ڕێی ئۆفیسەکەیانەوە بڵاوبووەتەوە.  تیشکی خستەسەر ئەوەی کاری بەکۆمەڵ ئەنجامی باشتر دەبێت، وە ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ٩٢ توێژەر بەشدارییان کردووە. هەروها باسی لە پێشکەوتنی ئاستی زانکۆی هەڵەبجە کرد،  ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆ لەسەر ڕێڕەوە دروستەکەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی مەراسیمەکەدا ڕێزلێنان بۆ ئەو توێژەرانە ئەنجامدرا کەچالاکانە بەشداربوون لە پڕۆژەکەدا.
بڕگەیەکی دیکەی مەراسیمەکە بریتیبوو لە سوپاسکردن و ڕێزلێنان لە بەشەکانی زانستی کۆمپیوتەر وەک چالاکترین بەش، زمانی کوردی وەک دووەم چالاکترین بەش، هەروەها بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەک سێیەم چالاکترین بەشی ناو پڕۆژەکە.
هەروەها لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ خەڵاتی ڕێزلێنانییان ئاڕاستەی ستافی ئۆفیسی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد لە پای کاری چالاکانەیان بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانکۆ.

chevron-down