بڵاوکراوەتەوە لە: 15-01-2023

ڕاگەیاندن لای گەلانی بندەست، گفتوگۆی لەسەرکرا

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

 نیوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥- ١ـ ٢٠٢٣ بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە، لە ھۆڵی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ، کۆڕێکی بۆ نووسەرو رووناکبیر (ئازاد تۆفیق) سازکرد بەناونیشانی «راگەیاندن لەلای گەلانێ بندەست».
لە کۆڕەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە لێپرسراوانی حزبیی و یەکە ئیدارییەکان و سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو ڕاگری کۆلێجەکان و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ نوسەران و ڕۆشنبیران ئامادەبوون، بەرێز (ئازاد تۆفیق) رۆشنایی خستە سەر دۆخی میدیا لە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا بەچاوی رەخنەو ھەڵسەنگاندنەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە راگەیاندنی کوردی سەرباری گەشەی چەندایەتی و بەردەستبوونی ئامرازەکانی میدیای نوێ، بەڵام نەیتوانیوە لەئاست گەورەیی قەبارەی ئازارو نەھامەتییەکانی گەلەکەماندا بێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرتەوازەیی گوتاری سیاسیی و ئەجێنداکان، کاریگەریی نەرێنییان ھەبووە لەو ڕووەوە.
لەو روانگەیەشەوە بەپێویستی زانی کە دەستەبژێری میدیایی کورد بەئاراستەی خەمی نەتەوەیی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، کاربکەن.
لەکۆتایی کۆڕەکەشدا ئامادەبووان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو.

chevron-down