بەئامادەبوونی بەڕێزان ( د.ئامانج عبدللە سعید، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د.توانا نجف محمدخان، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەت) و سەرۆکی زانکۆکانی ڕاپەڕین و زاخۆ، ڕێکەوتننامەیەکی ئەکادیمی و زانستی لەنێوان زانکۆی هەڵەبجەو دهۆک واژوکرا.

ڕێکەوتنامەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢-٣-٢٠٢٣، لە زانکۆی دهۆک لەنێوان هەردوو سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز (پ.د.مهاباد کامل عبداللە)و سەرۆکی زانکۆی دهۆک (پ.ی.د.داود سلێمان ئەتروشی) واژوکرا، ئەم ڕێککەوتننامەیە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنگرەو کۆنفرانس فێستیڤاڵ و کاروچالاکی زانستی و ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی کلتوری لەنێوان هەردوو زانکۆدا ئەنجامدرا.

مامۆستا مەریوان احمد حمەسعید ، مامۆستا لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت توێژینەوەیەک بڵاودەکاتەوە لە گۆڤاری (Basrah Journal of Science) گۆڤارەکە لەلایەن کۆلێجی زانستی زانکۆی بەصرە دەردەچێت.

کورتەی توێژینەوەکە نوسین و لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە داتاکانی بازاڕی بۆرسە لە کاتی ڕاستەقینەدا کەدەبێت بە شێوەیەکی کارا بەدەستبهێنرێن و پرۆسێس بکرێن و بڵاوبکرێنەوە. لەم توێژینەوەیەدا، XPath و HTML Agility Pack بەکارهێنران بۆ پێشبینیکردنی پەنجەرەیەکی وردی ڕەوتی بازاڕی بۆرسە لە کاتی ڕاستەقینەدا بە دیناری عێراقی بە سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی.
بۆ بینین و دابەزاندنی توێژینەوەکە کلیک لە خوارەوە بکە
https://basjsci.net/index.php/bsj/article/view/223

سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی و سەلامەتی زانکۆ، خولێکی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ فەرمانبەران و خوێندکاران و مامۆستایان ئەنجام دەدات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٨-٢-٢٠٢٣، یەکەم ڕۆژی خول لەکتێبخانەی ناوەندی زانکۆ دەستیپێکرد.
لەوتەیەکیشدا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز (پ.د.مهاباد کامل عبدللە) دەستخۆشی لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی و سەلامەتی زانکۆو پزیشک و کارمەندانی تەندرووستی کرد بۆ وتنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بەفریاگوزاری سەرەتایی، ناوبراو هەبونی ئەمجۆرەچالاکیانەی بەپێویست زانی تا هۆشیاری زیاتر هەبێت لەسەر بابەتە تەندرووستیەکان و وتی: مرۆڤەکان هەمووکات پێویستیان بەم بابەتانە هەیە تالەبارودۆخەکتوپڕەکاندا توشی شۆک نەبن و هاوکاربن لەبەهاناوەچونی ئەوکەسانەی کەپێویستیان بەهاوکاریە.
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەشدا زانکۆ بەئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت کۆمەڵگە هۆشیاربکاتەوە لەوبابەتانەی کەدەبێت زیاتر ڕۆشنبیری دەربارەی هەبێت بەبێ جیاوازی.
خولی فریاگوزاری سەرەتایی، بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی و کۆلێجەکان دەبێت بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی، تێیدا بەووردی ناساندنی فریاگوزاری سەرەتایی و هەنگاوەکانی، کەسی فریاگوزار کێییەو چۆن فریاگوزاری ئەنجام دەدرێت، ڕێنمایی بۆ فریاکەوتن و ڕزگارکردن، دوورکەوتنەوە لەئەنجامنەدانی هەندێک کاری نادرووست و کەمکردنەوەی ڕێژەی کەمئەندامی لەو مرۆڤانەی توشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و دوورخستەوەی کەسەکە لەمەترسی، پەیوەندیکردن بەسەنتەری فریاگوزاری و  هەناسەدانی دەسکرد، گیرانی ڕێڕەوی هەناسە، گەشکەو ئازاری سەر سنگ، خوێنبەربوونی دەرەرەکی و ناوەکی و لوت، سووتان، حاڵەتەکانی گەستن(مار، دووپشک)، نیشانەکانی ناسینەوەی نەخۆشیەکان و چەندین بابەتیتر بەووردی دەوترێتەوە لەلایەن پزیشکەکانی  سەنتەری توێژینەوەی زانستی(د.جیهاد ئیبراهیم حمە، د.دلێر کریم، د.زانا باقی، د.محمد سوبحان)  لەگەڵ  کارمەندانی تەندروستی(سەعد مهدی، ماریا جەلال ،ئیحسان ڕێبوار، ئاراس حمەسعید، مسلیم علی ).

بەمەبەستى ئەنجامدانى گۆڕانکارى لەکۆلێجەکانى وەرزش و لەچوارچێوەى ئەوگۆڕانکاریانەى وەزارەتى خوێندنى باڵاوتوێژینەوەى زانستى لەپرۆگرامەکانى خوێندندا ئەنجامى دەدات. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ ٢٦-٢-٢٠٢٣بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێز(د.توانا نجف) سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى تایبەت بەوبوارەکرد.
کۆبونەوەکە بەئامادەبونى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەڕێز(د.مهاباد کامل عبدللە)و راگرى کۆلێجەوەرزشیەکانى زانکۆکانى کوردستان لەهۆڵى کۆبونەوەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى زانکۆى هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
دەستپێکى کۆبونەوە سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەخێرهاتنى نوێنەرى وەزارەت و زانکۆکانیکردو رایگەیاند گۆرانکارى لەپرۆگرامەکانى خوێندن بەشێکى زۆرگرنگە لەراسپاردەکانى وەزارەت و هەر یەک لەزانکۆکان بەشێک لەو ئەرکەگرنگەیان دەکەوێتە ئەستۆ، وتیشى پێداچونەوە بەپرۆگرامەکاندا کارێکى گرنگ و پێویستەو ئەو پرۆگرامانەى هەیە تارادەیەک بوون بەکلاسیک و لەگەڵ پێداویستى بازاڕ یەکناگرێتەوەو ئێستا سەردەم سەردەمى تەکنەلۆجیاو زانستەو ئەو خوێندکارانەى دێنە زانکۆکان ئاماناتى ئێمەن، د.مهاباد کامل روونیشیکردەوە کۆلێجى وەرزشى زانکۆى هەڵەبجە پرۆپۆزەڵ و پرۆگرامی زۆرباشى هەیە بۆپێداویستى بازاڕى کار. ناوبراو وتیشى: زاراوە وەرزشیەکان زۆربەیان کوردى نین و باهەوڵبدرێت چەمک و زاراوەى کوردى بۆدابنێن بۆئەوەى زمانەکەمان بپارێزین، داواشیکرد  لەبەشداربووانى کۆبونەوەکە هەوڵبدەن لەگەڵ کەرتى تایبەت پەیوەندى باش درووستبکەن بۆئەوەى هاوکاربن لەبوارى وەرزش دا. هەروەک پێشنیازیشیکرد بەشە وەرزشیەکان جیاوازبن لەزانکۆکاندا “بەشێکى وەرزشى لەزانکۆى هەڵەبجە هەیە هەمان بەش لەزانکۆیەکیتر نەبێت بەڵکو بەشێوەیەکى جیاوازترهەبێت”.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەتێ خوێندنی باڵا بەڕێز (د.توانا نجف) رایگەیاند لەسەر فەرمانى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەسەرجەم بەش و کۆلێجەکان پێداچونەوەو پەرەپێدان بەپرۆگرامەکانى خوێندندا دەکرێت، رونیشیکردەوە لەئێستادا دراسەى بازاڕى کاردەکەن  لەگەڵ ئەو پرۆگرامانەى لەزانکۆکاندا هەن و بەکردارەکى دەستمانپێکردوە بۆئەوەى کەسانێیک لەزانکۆکاندا درووستبکەین دواى تەواوکردنى خوێندن لەگەڵ بازاڕى کاردا بگونجێن و کاربکەن، ناوبراو وتیشى: گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیارەکان لەڕاگرو مامۆستایان و خوێندکاران و لایەنەکانیتریش دەکەین و دواتر کۆنفراسیکى گشتى ئەنجام دەدەین بۆئەوی زانکۆکان دەستکراوەبن لەبڕیاردان لەگۆڕانکاریەکان بەجۆرێک لەگەڵ بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بگونجێت.
دواتر ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانی زانکۆ ھەڵەبجە بەڕێز(د.ئاکۆ ئیبراهیم فقێ)ئاماژەی بە پرۆپۆزەڵی بەشی فیسۆلۆجیای چاڵاکی جەستەیی و تەندروستی وەرزشی کرد کە دەتوانێت خوێندکاریکی داھێنەر و کارامە و بەپێی خواستی بازاڕی کار ئامادە بکات.
ھەروەھا بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز(م.ئارام قادر) ئاماژەی بەبەشداری خوێندکاران کرد لەچالاکیەکانی خوێندن و ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی بەخوێندکار دەسپێردرێت و چاودێریکردنیان و بەشداریپێکردنیان بەشێوەیەکی کاریگەر.
دواتر ڕاگرو سەرۆک بەشە وەرزشیەکانی ئامادەبوو ڕاوسەرنجی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بەکۆلێج و بەشەوەرزشیەکان. لە کۆتاییدا شێواز و میکانیزمی لیژنەکان بۆ پیداچوونەوە بە ناوەروک و مەنھەجی پەروەردەی وەرزش دیاری کرا .

لە هۆڵی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان گفتوگۆی تێزی دکتۆرای بەڕێز (صلاح محمود عمر)، بە ناونیشانی (دراسة تحلیلیة لحالات التهدیف و علاقتها بالتدریب الفرق في بطولة كٲس امم اوروبا ۲۰۲۰ بكرة القدم) ئەنجامدرا.
گفتوگۆکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٢/٢٣ بەڕێوەچوو
دوای گفتوگۆی ئەندامانی لیژنەکە و هەڵسەنگاندنی بابەتەکان، دانیشتنەکە بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهات.
ڕاگرایەتی کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستەوەرزشییەکان پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێز (م.صلاح محمود عمر) دەکەن و سوپاسی سەرپەرشتیار و سەرجەم ئەندامانی بەڕێزی لیژنەکە و ڕاگرایەتی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەکەن.
ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆ پێکهاتبوون لە بەڕێزان:
١- پ.د مكي محمود حسین / زانکۆی الموصل الدین – سەرۆکی لیژنە
٢- پ.ی.د  زیاد محفوظ عبدالقادر/ زانکۆی دهۆک – ئەندام
٣- پ.ی.د كۆمار نعمت شوكت/ زانکۆی گەرمیان – ئەندام
٤- پ.ی.د یاسین عبدالمناف قادر / زانکۆی سلێمانی – ئەندام
٥- پ.ی.د حسن هاشم عبداللة / زانکۆی هەڵەبجە – ئەندام
٦- پ.د هڤاڵ خورشید رفیق / زانکۆی سلێمانی – ئەندام و سەرپەرشتیار

رۆژی یەك شەممە (٢٠٢٣/٢/١٩) گفتوگۆی تێزی دکتۆرای بەڕێز مامۆستای یاریدەدەر دەشنێ‌ ئەنوەر کەریم لە هۆڵی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەڕێوەچوو.

توێژینەوەكە بە ناونیشانی (تأپر برنامج تدریبی تخصصی فی بعچ مۆشرات القلب الوڤیفیە والمتغیرات البدنیە و المهاریە لدی لاعبی كرە السلە) ئەنجامدرابوو.

ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆكە پێکهاتبوون لە بەڕێزان:
١- پ.د شریف قادر حسین / زانکۆی صلاح الدین – سەرۆکی لیژنە
٢- پ.ی.د ڕێباز باییز توفیق / زانکۆی کۆیە – ئەندام
٣- پ.ی.د ندی محمد امین / زانکۆی بەغداد – ئەندام
٤- پ.ی.د محمد حازم یونس / زانکۆی موصل – ئەندام
٥- پ.ی.د شنۆ ڤاهر حکیم / زانکۆی سلێمانی – ئەندام
٦- پ.د ایمان نجم الدین عباس / زانکۆی سلێمانی – ئەندام و سەرپەرشتیار

دوای گفتوگۆی، ئەندامانی لیژنەکە و هەڵسەنگاندنی بابەتەکان، توێژینەوەكە وەك خۆی وەرگیرا.

ڕاگرایەتی کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی و زانستەوەرزشییەکانەوە پیرۆزبایی لە بەرێو مامۆستا دەشنێ ئەنوەر کەریم) دەکات و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازێت، هەروەها سوپاسی سەرپەرشتیار و سەرجەم ئەندامانی بەڕێزی لیژنەکە و ڕاگرایەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ هاوكارییەكانیان دەكات.

بەشی کوردی كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور لە زانكۆی هەڵەبجە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمسیۆنی زمان و کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، دیدارێکی نێودەوڵەتییان ئەنجامدا، كە ئەو رۆژە تایبەتە بە رۆژی جیهانی زمانی دایك.

4V5A4049

 

دیدارەكە رۆژی سێ‌ شەممە 21/2/2023 بەرێوەچوو، كە سەرەتای دەستپێكی مەراسیمەكە خولەکێک وەستان بوو بۆ گیانی قوربانیانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای كوردستان هەریەکە لەوڵاتانی تورکیا و سوریا، لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

4V5A4086

 

پاشان بەڕێز دكتۆر ئەحمەد میرە ڕاگری کۆلیژی پەروەردەی شارەزوور وتەی بەخێرهاتنی پێشكەشكردو لە وتەكەیدا سوپاسی ئامادەبوانی کرد، ئاماژەی بەوەش کرد، كە بە هەوڵەکانی کۆلیژی پەروەردەی شارەزوو و لە پێناو زمان بەگشتی و زمانی کوردی بە تایبەتی هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم دیدارە نێودەوڵەتییە.

4V5A4099

 

دواتر بەڕێز پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە لە وتارێكدا باسی گرنگییەکانی زمان و زمانی دایک و تایبەتمەندییەتی زمانی کوردی و کارکردن لەپێناویدا كرد، پاشان بەڕێز مامۆستا سالار مەحمود، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، وتاری تایبەتی کۆنگرەی پێشکەشکردو تێدا باسی لە هەوڵەكانیانی لە پێناو زمانی كوردی كرد و جەختیشیكردەوە، كە لەو هەوڵانەیان بەردەوام دەبن.

4V5A4123

4V5A4166

 

دواتر ناوەڕۆکی پانێڵە زانستییەکانی دیدارە نێودەوڵەتییەكە دەستیپێكرد، كە لەدوو پانێڵ پێكهاتبوو، لە هەر پانێڵكیش چەند سیمینارێك پێشكەشكرا، لە پانێڵی یەکەم، كە لەلایەن مامۆستا بەهرە سەلام بەرێوەبرا، بەڕێز پرۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی، لە زانکۆی کارلتۆنی وڵاتی کەنەداوە قسەی لەبارەی زمانی كوردی كردو باسی لە دۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان كرد.

4V5A4188

 

پاشان بەڕێز حاجی ئۆزکاڵ، بە نوێنەری بەشی باکووری كوردستان، ڕەوشی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی ئەو زمانەی لە باکووری کوردستان بۆ ئامادەبووان باسكرد، جەختیشیكردەوە، كە دەبێت گرنگی بە هەموو شێوە زارەكانی زمانی كوردی لە زانكۆكانی كوردستان بدرێت.

4V5A4228

 

پانێڵی دووەمییش، كە لەلایەن مامۆستا مژدە عەباس بەرێوەبرا، تێدا لە سێ باسی جیاوازدا باسی زمانی كوردی كرا، كە سەرەتا بەڕێز دكتۆر محەمەد عەبدێ لە رۆژئاوای كوردستانەوە، ڕەوشی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان باسکرد.

دواتر پرۆفیسۆر دكتۆر شێرکۆ حەمەئەمین دەربارەی پلانی زمانی و سیاسەتی زمانی لە باشوری کوردستان، باسەکەی خۆی پێشكەشكردو كۆتا باسیش لە پانێڵی دووەمدا دكتۆر لوقمان گۆڵدڤی بە ناونیشانی (زمانی کارەکتەرە کوردەکان لە ئەڵمانیا) پێشكەشیكرد، كە قسەكانی زیاتر دەربارەی زمانی کوردی بوو لە تاراوگە

4V5A4332

.

بە دابەشکردنی خەڵاتی سوپاس و پێزانین و ئاڕاستەکردنی ئەنجام و ڕاسپاردەکانی دیدارە نێودەوڵەتییەكە بە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، کۆتایی بە دیدارەکە هات.

4V5A4342 4V5A4351 4V5A4356 4V5A4357 4V5A4358 4V5A4361 4V5A4363 4V5A4368

 

زانكۆی هەڵەبجە لە چوارچێوەی چالاكییە رۆشنبیرییەكانی رۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز راگرت و بۆ ئەوەش چەند چالاكییەكی زانستی ئەنجامدا.

 

چالاكییەكان رۆژی 20/2/2023 لەهۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی، بەئامادەبوونی بەرێزان پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری پارێزگار و نوێنەری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی حکومی و حیزبی و ڕێکخراو کەسایەتی و ڕۆشنبیران، کە لەپارێزگای هەڵەبجە و ناوچە جیاوازەکانی تری کوردستانەوە هاتبوون، بەدروشمی (زمانی دایک شوناسی نەتەوەییمانە)، یانەو سیاچەمانەی بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی چالاکییەکانی زانکۆی هەڵەبجە و بەسپۆنسەری ڕێکخراوی ڕێباز فاوەندەیشن ئەنجامدرا.

 

دەستپێکی چالاکییەکان بەچەند ساتێک وەستان بۆگیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و لەوتەیەکیشدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی دایک و وەک بەشێک لەچالاکییە ئەکادیمییەکان بەم مەڕاسیمە هەڵساوین.

 

هەروەها وتیشی: چەندین کارەسات بەسەر زمانی گەلی کوردداهاتووە، بەڵام ئێمە ماوینەتەوە، چونکە زمانمان پاراستووەو وەک شوناسمان ئێمەی هێشتوەتەوە، باسی لەوەشکرد چەند کەسێکی بەئەزموون بەشێوەیەکی زانستی بەچەند پانێڵێک لەمەڕاسیمەکەدا گفتوگۆ لەسەر زمانی کوری دەکەن.

هاوكات ڕوونیشیکردەوە بەپێی بڕگەکانی مافی مرۆڤ هەرتاکێک مافی خۆیەتی بەزمانی دایكی بنووسێت و بخوێنێت، هیچ کەس و هیچ لایەنێکیش بۆی نییە بەهیچ پاساوێک ئەو مافە زەوت بکات، بەڵام بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد باجی بەدەستهێنانی ئەو مافەی داوە.

لەکۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی هەریەک لەڕێکخراوەکانی یانەو سیاچەمانە و ڕێباز فاوەندەیشنی کرد، کە هاوکاربوون لەئەنجامدانی چالاکییەکەدا و جەختیشیكردەوە، چالاكییەكانی تر لە زانكۆی هەڵەبجە هەر بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دیك بەردەوام دەبێت.

دواتر پارێزگاری هەڵەبجە وتارێكی پێشكەشكرد و لە وتارەكەیدا پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لەهەمووان کرد، بەتایبەت لەگەلانی بندەست، کە تائێستاش گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد گەلی کورد گەلێکی قارەمانەو بەردەوام بەرگری لەزمانەکەی دەکات، وتیشی: زمان و خاک و نیشتمان و کلتورو مێژووی هاوبەش پێنج کۆڵەکەی سەرەکی گەلان و نەتەوەکانن و یەکێک لەگرنگترین کۆڵەکەکان زمانە.

دواتر نوێنەری ڕێکخراوی ڕێباز فاوندەیشن لەوتەیەکدا ئاماژەی بەدەوڵەمەندی هەڵەبجەکرد لەبواری زمان و ئەدەب و کلتورداو وتیشی: دڵخۆشین، کە هاوکاربووین لەئەنجامدانی ئەم چالاکییەدا و ئاماژەی بەوەش كرد، گرنگی بە هەڵەبجە دەدەن و چالاكی تریش ئەنجامدەدەن.

بەشێكی تری چالاكییەكان پێشكەشكردنی چەند سیمینارێكی زانستی بوو، كە لە پانێڵێكدا بەڕێز (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم) بەناونیشانی (ماکی کوردبوون لەدینی یارسان دا) سیمینارێكی پێشكەشكرد، بەشیعرێکی مەولەوی باسەکەی ڕوونکردەوەو تیشکی خستە سەر کوردبوونی ئاینی یارسان.

سیمیناری دووەمیش لەلایەن بەڕێز (مامۆستا جەمال بێدار) پێشکەشکرا، ناوبراو وتی: وردە وردە زمانەکەمان خەریکە بەرەو توانەوە ئەچێت و ئەمەش بۆ ئێمە قورسە، بەتایبەت دوای ئەوەی یونسکۆ، ئاماژەی بەوەشکرد زمانی کەمینەکان بەرەو لەناوچوون دەچێت.

هەروەها وتیشی: لەپاڵ خوێندنی زمانی کوردی و عەرەبی و بادینی، دەخوازین هەفتانە چەند ڕۆژێک لەناوچە هەورامییەکاندا هەورامی بخوێنرێت و ئەوەش هیچ گرفتێک بۆ زمانی کوردی درووست ناکات، ئەگەر وانەبێت ئەوا ستەم لەهەورامییەکان دەکرێت.

سیمیناری سێیەمیش بەرێز مامۆستا سالم حەسەن دەربارەی (گرنکی فەرهەنگ) بوو، ناوبراو هێمای بەوەکرد نەبوونی فەرهەنگ واتە نەبوونی نەتەوە، وتیشی: ئەگەر فەرهەنگ کۆنەکرێتەوە ئەوا ناتوانیت باسی زمان بکەیت، چونکە نەتەوە بەفەرهەنگ هەڵدەسەنگێنرێت، داواشیکرد ئەو شتانەی نەنووسراوەو کۆنەکراوەتەوەو بنووسرێنەوە.

سیمیناری چوارەم و كۆتایش لەلایەن مامۆستا شەهرەزاد نائیب پێشکەشکرا، كە باسی لەوەکرد زانایان کۆمەڵێک پێوەریان بۆ زیندووێتی زمان داناوە بۆ ئەوەی بەزیندووێتی بمێنێتەوەو لەلەناوچون بپارێزرێت و جەختیشیكردەوە، كە زمانی كوردی خۆشبەختانە هەموو ئەو پێوەرانەی تێدایە.

پاشان لەلایەن هەریەک لەسەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو ژمارەیەک لەڕێکخراو دامەزراوەکانەوە خەڵاتی فەرهەنگو ڕۆشنبیری بەخشرا بەوەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێز(حەمەی حەمەسعید)، کە بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بەنوێنەرایەتی بەڕێزیان ئامادەی مەڕاسیمەکەبوو.

ناوبراو لەدوای وەرگرتنی خەڵات وتاری بەڕێز وەزیری خوێندەوەو وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئەنجامدانی چالاکییەکە، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی کارێکی گرنگی حکومییەوە نەیتوانیوە ئامادەی مەڕاسیمەکەبێت و داوای لێبووردنی لەئامادەوانکردو وتیشی: جەنابی وەزیر هەموو هەوڵێكی ئەوەیە خزمەتی زیاتر بە زمان‌و ئەدەبی كوردی بكات.

کونسوڵخانەى گشتى هندستان لە هەولێر /بەشى کاروبارى پەیوەندییە کلتورییەکان زەمالە دابیندەکات بۆ خوێندکارانى بیانى بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ بەناوبانگەکانى هندستان لەچوارچێوەى  زەمالەى(Atal Bihari Vajpayee General Scholarship Scheme(A1201)) کەپێشتر بە زەمالەى گشتى ناسرابوو بۆ ساڵى خوێندنى ئەکادیمى(٢٠٢٣ -٢٠٢٤).
خوازیاران لە هەرێمى کوردستان دەتوانن لەڕێگەى ئەم لینکەى خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن لە( ٢٣/٢/٢٠٢٣ هەتا وەکو ٣٠/٤/٢٠٢٣)
لینکى پێشکەشکردن:

https://a2ascholarships.iccr.gov.in

لەسەر كەیسی منداڵە ونبووەكانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید، زانكۆی هەڵەبجە و بەشێك لە نوێنەرایەتی فەرمانگە حكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەندەنی سنوورەكە، چەند راسپاردەیەكیان ئاراستەی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كرد.

رۆژی یەك شەممە 19ی شوبات، بە دەستپێشخەری پرۆفیسۆر دكتۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوەیەك لەبارەی كەیسی منداڵە ونبووەكانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید لە سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە بەرێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری بەشێك لە فەرمانگە حكومییەكانی هەڵەبجە و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لەوانەش نوێنەری پارێزگار و فەرمانگەی مافی مرۆڤ و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەشداربوون، كە لە سەرەتادا پرۆفیسۆر دكتۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا وتەیەكی لەبارەی ئامانجی كۆبوونەوەكە پێشكەشی ئامادەبووان كرد و وتی: بە راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا ئەم دەستپێشخەرییەی كردووە بۆ كۆبوونەوە و قسەكردن لەسەر كەیسی منداڵە ونبووەكانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە.

سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە وتیشی: كەیسی ئەو منداڵانە بە كەیسی خۆیان دەزانن، بۆیە وەك زانكۆی هەڵەبجە دەیانەوێت كاری جددی بكرێت بۆ كەیسی منداڵە ونبووەكان، پێویستیشە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كار بۆ ئەوە بكەن و رێگەچارەیەك بۆ كەیسەكان و یەكلاكردنەوەیان بدۆزنەوە.

دواتر نوێنەری پارێزگاری هەڵەبجە و نوێنەری فەرمانگەی مافی مرۆڤ و نوێنەری كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و بەشداربووەكانی تری كۆبوونەوەكە را و سەرنجی خۆیان لەو بارەوە خستەڕوو، پشتگیری دەستپێشخەرییەكەشیان كرد و لە ئەنجامدا هەمووان لەسەر چەند راسپاردەیەك رێككەوتن، كە بڕیارە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

لەدوای كۆبوونەوەكەش، بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و بەشداربووانی تری كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرا، كە تێدا ئەو راسپاردانە باسكران، لە كۆبوونەوەكە لەسەری رێككەوتبوون.

راسپاردەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە شەش خاڵ، كە گرنگترینیان بابەتی یەكلاكردنەوەی كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجەیە بەرێگەی زانستی و یاسایی، بۆ ئەوەش پێویستە هەم پەرلەمان، هەم حكومەتی هەرێم لە هەموو روویەكەوە هاوكاری بكەن.

هەروەها لە راسپاردەكاندا، جەخت لەوە كراوەتەوە، حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەن، ئەوەش لەرێگەی یاساوە، هاوكات یاسایەكی تایبەت دەربكەن، كە تێدا چارەنووس و مافی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجەی پارێزراو بێت.

لە راسپاردەكاندا جەخت لەسەر ئەوەش كرایەوە، بابەتی یەكلاكردنەوەی كەیسی منداڵە ونبووەكانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە نەكرێتە بابەتی میدیایی و ئەو كەیسانە بە رێگای زانستی‌و یاسایی یەكلابكرێنەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی میدیاوە ئەو كەیسانە نەشوێنرێت، وەك ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە یەكێك لە كەیسەكان روویدا.

chevron-down