سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۲٤ی ۱۱ی ۲۰۲۳ لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە و بەچاودێری پارێزگاری هەڵەبجە یەکەمین بۆنەی(ڕۆژی هەڵەبجە) بەدروشمی ( هەڵەبجە ، مێژوویەک لە چرای ئازادی تەمەنێک لە گوڵزاری ئەدەب ) ئەنجامدرا.
بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم بەڕێز(حمەی حمەسەعید) و پارێزگاری هەڵەبجەو بەڕێز(ئازاد تۆفیق)و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە (پ.د. مهاباد کامل عەبدوڵا) و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بەڕێز(لەیلا عمر)و بەرپرسانی ئیداری و حکومی و حیزبیەکان و دەزگا ڕۆشنبیری و کەسایەتیەکانی شاری هەڵەبجە چالاکیەکانی یەکەمین بۆنەی (ڕۆژی هەڵەبجە) بەڕێوەچوو .
سەرەتا چەند خوولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان هەمووان بەبێ دەنگی وەستان، پاشان لەلایەن بەڕێز( ئازاد تۆفیق) وتاری بەخێرهاتن و مێژووی شاری هەڵەبجە خوێندرایەوە .
دواتر بەڤیدیۆیەک چەند وێنەیەکی دۆکیۆمێنتاری هەڵەبجە نمایشکرا ، پاشان ئاهەنگێکی میوزیک و گۆرانی لەلایەن ( گرووپی مۆسیقای هەڵەبجە ) و چەند تابلۆیەکی هەڵپەڕکێ پێشکەشکرا .
چەندین کتێب لەسەر مێژووی ئەدەبی و هونەری و مەعریفی و ئاینی پارێزگای هەڵەبجە پیشانی ئامادەبووان درا.
لەکۆتاییدا سەردانی دیوەخانی سیانزەماڵە کرا و پارێزگاری هەڵەبجە وتەیەکی پێشکەش کردن و گرنگی عەشیرەت و بنەماڵەکانی هەڵەبجەی بەرزنرخاند لەئێستاو ڕابردوودا و بەوەش کۆتایی بەمەراسیمی چالاکیەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەڵەبجە هات.
کاتژمێر ۲ی پاش نیوەڕۆ لە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ چالاکیەکانی پاش نیوەڕۆی (ڕۆژی هەڵەبجە) دەستیپێکرد؛ پانێڵێک لەلایەن د. عادل صدیق پێشکەشکرا بۆ هەریەک لە بەڕێزان : ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بەناونیشانی ( هەڵەبجە لە نێوان چەمک و مێژوو )، د. سامان مستەفا ڕەشید ، بەناونیشانی ( پێگەی گوڵ عەنبەر لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا )، د. سامان صلاح ، بەناونیشانی ( هەڵەبجە وەک مەڵبەندێکی سیاسی و ئایینی گرنگ لە مێژووی کورددا ) بەسەرنج و تێبینی و گفتوگۆی ئامادەبووان کۆتایی بە پانێڵەکەهات.