Published at: 29-11-2022

ڕاسپاردەکانی دووەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتیی سۆشیاڵ میدیا و کلتوری بەکارهێنان

Posted by:  UoH

بەچاودێری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێز (د.ئارام محمد قادر)و، بەسەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێز (پ.د.مهاباد کامل عبدللە)، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان، بەشی ڕاگەیاندن، دووەمین کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی بەناونیشانی(سۆشیاڵ میدیاو کلتوری بەکارهێنان) ڕۆژی یەکشەم ٢٠-١١-٢٠٢٢، ئەنجامدا، کۆنفڕانس بۆ ماوەی یەک ڕۆژو بەبەشداری توێژەران لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە زانکۆکانی (هەڵەبجە، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی سەڵاحەدین، کۆیە، ڕاپەڕین) و سێ زانکۆی نێودەوڵەتی ( میدڵسێکس، کۆڤێنتری، ئازادی تاران) بەڕێوەچو، لەکۆتای کۆنفڕانسدا(١٤)پێشنیاز خرانەڕوو کەبریتیبوون لە:
١.پێشنیازی دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نێكی باڵای نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆی راگه‌یاندن دەکەین بۆ‌ مه‌به‌ستی ریكخستنی كاری راگه‌یاندن له‌ هه‌ریمی كوردستان ئەمەش پێویستە بە هاوبەشی زانكۆو دامەزراوە زانستیەكان بێت.
٢.پێویستە توێژەران و ئەکادیمیستانی بواری میدیا توێژینەوەی زیاتر بە کێشەکانی سۆشیاڵمیدیا بەئەنجام بگەیەنن، بە هۆکاری ئەوەی لە ئێستادا بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا بە بەراورد بە میدیای تەقلیدیی زیاترەو بەردەوام ڕوولەزیادبوونە.
٣.دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کار بە راسپاردە و پێشنیاری توێژینەوە زانستییەکان بکەن بۆ بەهێزکردنی پردی پەیوەندی نێوانیان.
٤.ئەنجامدانی پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش  لە نێوان میدیا و کاریگەرییەکانی لەسەر پەروەردەو زمان‌و کارگێری و ئای تی‌…تاد.
٥.بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری خۆپارێزی بەرامبەر تاوانەکانی توندوتیژی لە سۆشیاڵمیدیادا، بەتایبەت توندوتیژی دژی ژنان.
٦.هەموارکردنی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌35ی ساڵی2007به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو جۆره‌كانی میدیا له‌خۆبگرێت به‌ سۆشیاڵمیدیاشه‌وه‌.
٧.دانانی یاسایەکی تایبەت بەکاری رۆژنامەنووسی تیایدا هەموو ماف و ئەرکی رۆژنامەنوسانی تێدا دیاریکراوبێت.
٨.پاراستنی ئێتیک و یاسایی رۆژنامەگەری لەلایەن رۆژنامەنوسان و ستافی بەرێوەبردنی ماڵپەرە هه‌واڵییه‌كانەوە.
٩.رۆژنامەنوسان و ستافی ماڵپه‌ره‌‌ هه‌واڵییه‌كان گرنگی زیاتر بده‌ن به‌ پێوه‌ره‌كانی (ڕێزگرتن له‌ پێكه‌وه ‌ژیان) و (داب ونه‌ریته‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان) و (پیرۆزییه‌كان).
١٠.داڕشتنی پرۆژەیاسایەک سەبارەت بە تاوانەکانى بەکارهێنانى میدیاى نوێ بە تایبەت هەراسانکردن، بەجۆرێک مافی تاکى تیادا پارێزراوبێت.
١١.دەسەڵاتی سیاسی زه‌مینه‌ی زیاتر بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد فه‌راهه‌م بكات.
١٢.بوونی ماڵپه‌ری‌‌ هه‌واڵیی‌ سه‌ربه‌خۆ بۆ‌ مه‌به‌ستی زیاتر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری راست له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.
١٣.بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا لەپرۆسەی فێركردندا، دروستکردنی ئەپی تایبەت بە میدیای نوێ بۆ كاری فێركاریی.

 ١٤.دانانی وانەی پەروەردەی میدیایی لە وەزارەتى پەروەردە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تایبەت بە مۆراڵ و بەکارهێنانى تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، هەروەها سیمینارى تایبەت بۆ مامۆستایان و فێرخوازان ودایبابان ئەنجامبدرێت بۆ چۆنیەتى بەکارهێنانى تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

chevron-down