Published at: 08-11-2022

كونسوڵخانەى ئەمریکا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر سەبارەت بە خوێندن دەکەن

Posted by:  UoH

 بەمەبەستى سوودوەرگرتن لە سیستمی خوێندنی ئەمریکا و بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، بەسەرپەرشتیی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دیدارى کونسوڵخانەى ئەمریکا لە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکى دیدارەکەدا د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەرى گشتىی فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە گوتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگیی بابەتى دیدارەکە کرد و ڕایگەیاند: “پەیوەندى و هەماهەنگیی بەردەواممان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەیە و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و خوێندکاران و ئەنجامدانى چالاکیی زانستى لەنێوان هەردوولا لە گەشەکردندایە.”

گوتیشى: “هیواخوازین ئەم دیدارە دەستپێکێکى تر بێت لە پەرەپێدانى ئەم هەماهەنگییانە.”

ڕیچارد جەى فەیلانس، بەرپرسى بەشی ڤیزە لە کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر، سمینارێکی دەربارەی گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و زانستی و ئەو دەرفەتانەى لەبەردەستدان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەى خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان سوود لەو ئاڵوگۆڕە زانستییانە وەربگرن کە ساڵانە لەلایەن باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق دابیندەکرێت.
هەروەها ئاماژەى بە پڕۆسەى بەدەستهێنانى ڤیزەى ئەمریکا و ڕێکارەکان و بەرنامەکانى ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و هەلى خوێندن کرد.

لە بابەتێکى دیکەدا، تیشکى خستە سەر هەموو ئەو دەرفەتانەى کە ساڵانە بۆ سەرجەم خوێندکارانی زانکۆکان لە ئاستی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بەردەستن.

دواتر هەریەک لە بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى کوردستان، ئاماژەیان بە گرنگیی ئەنجامدانى ئەم دیدارە کرد کە دەبێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە کۆى ئەو پڕۆژە زانستییانەى لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەخرێنەڕوو.

chevron-down