Published at: 21-09-2022

كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی زانكۆكان و دەستەبەركردنی دەرماڵەی خوێندكاران دەكرێت

Posted by:  UoH

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی ئەیلولی 2022)، خاتوو (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی، پێشوازیكرد لەسەرۆكی زانكۆكانی (سلێمانی،هەڵەبجە، راپەڕین، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، گەرمیان و كۆیە)، لەدیدارێكدا بارودۆخی ناوەندەكانی خوێندنی باڵاو پڕۆسەی خوێندن و گەشەپێدانی ئەو كەرتە لەهەرێمی كوردستان تاوتوێكرا.
لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كورتە باسێكی لەبارەی بارودۆخی سیاسی ئەم قۆناغە بەگشتی و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن و ئەرك و بەرپرسیارێتی زانكۆكان لەچارەسەری كێشەكان پێشكەشكرد، لەو روانگەشەوە سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی رونكردەوە، بەتایبەت لەهاوكاریكردنی ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان و هەوڵدان بۆ بەردەوامبونى پێدانى دەرماڵە بەخوێندکاران.
لەگفتوگۆیەكیشدا، هەریەك لە سەرۆكی زانكۆكان پوختەیەكیان دەربارەی زانكۆكانیان و سەرنج و پێشنیازەكانیان خستەڕو، بەمەبەستی چارەسەركردنى کێشەکان و پێشخستنی ئاستی زانستی لەزانكۆكاندا، هاوكات هەوڵەكانی خاتو شاناز-یان بەرزنرخاند كە بەردەوام لەخەمی پێشخستن و چارەسەركردنی كێشەو كەموكورتییەكانی ناوەندەكانی خوێندنی باڵادایە.
لای خۆیەوە، خاتوو شاناز پشتیوانیی خۆی بۆ داواكاری سەرۆكی زانكۆكان دەربڕی و ئامادەیی پیشاندا، كە بەردەوام دەبن لەچارەسەركردنی كێشەكانیان و پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتیەك.

IMG_20220921_204033_345

chevron-down