Published at: 23-05-2020

بزانە داهێنانە نوێیەكەی خوێندكارێكی بەشی فیزیا بۆ پێوەری ئاوی زیرەكی ماڵان چی بووە؟

Posted by:  UoH

خوێندكارێكی بەشی فیزیای زانكۆی هەڵەبجە پێوەرێكی ئاوی زیرەك بۆ ماڵان دروست دەكات كە توانی قسەكردنی هەیە، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە خەڵاتی رێزلێنانی پێدەبەخشێت.

ئالان محی الدین حسین، خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا پێوەرێكی ئاو درست دەكات كە توانای قسەكردنی هەیە، بیرۆكەی دروستكردنەكەی بەم جۆرە گێرایەوە:

سەرەتای ئەمساڵ بوو بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنم بینی کە هاوڵاتیان باسیان لە کێشەکانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکردئەوەی زۆر قسەی لەسەر ئەکرا، ئەوەبوو کە ئەو پێوەرەی دانراوبوو تێپەڕبوونی هەوا بە ئاو ئەخوێنێتەوە، چونکە بە پەستان کاردەکات.

هەر ئەو كاتە بیرم لەوە کردەوە، کە پێوەرێکی کارەبای دروستبکەم و ئەو کێشانە چارەسەر بکات، ماوەیەکی زۆر لەسەر چەند یاسا و ڕێسایەکی فیزیای بەتایبەت فیزیای کارەبای لێکۆڵینەوەم کرد، تا گەشتمە ئەوەی کە توانیم پێوەرەکە دروستبکەم.

پێوەرەكە جگە لە خوێندنەوەی ئاو چەند تایبەتمەندیەکی هەیە:

– سەرجەم بەشەکانی (قسەکردن+شاشە) بەزمانی کوردییە بۆیە کارپێکردنی ئاسانە.

-تەنها تێپەڕبوونی ئاو دەخوێنێتەو.

-لەسەر شاشەیەکی بچوک بڕی ئاوی تێپەڕبوو بە میلیلیتر حساب دەکات + بڕی پارەی هەر لیترێک ئاو.

– ئەتوانیت لەڕێگەی دوگمەی “لەماڵەوە نیم” پێوەرەکە والێبکەیت، کە لە ماڵ نەبوویت ئەگەر ئاو هاتەوە، تەلەفونت بۆ دەکات و بە زمانی کوردی قسە دەکات.

_ ئەگەر لەماڵەوە بیت کە ئاو بێتەوە بانگت دەکات، تا خۆت دوگمەی ئاگادارکردنەوەی ئەکوژێنیتەوە بەردەوام ئاگاداریت پێ دەدات.

-دەتوانیت بە ویستی خۆت هەر دەنگێک بوێت بۆی زیاد بکەیت تا بەو دەنگە بانگت بکات و تەلەفونت بۆ بکات.

– بەهیچ جۆرێک خاوەن ماڵ ناتوانێت پێوەرەکە سفر بکاتەوە، تەنها کارمەندی بەڕێوبەرایەتی ئاو ئەتوانن لەڕێگەی پرۆگرامێکی موبایل وەسڵ بکەن و سفری بکەنەوە، ئەویش بەپێی ئەو پرۆگرام و کۆدەی لەسەر ئامێرەکە دامناوە (بۆ هەر ماڵێک و کۆدێک هەیە).

– بە سەیرکردنی شاشەکەی دەزانیت کە ئێستا ئاو هەیە یان نا.

هەروەها ووتی كە لە داهاتوو بەنیازم چەند شتێکی بۆ زیادبکەم لەوانە پڕبوونی تانکی سەربان و بینینی ڕێژەکەی لەسەر شاشەکە، بە تەلەفون بتوانێت پێی بڵێت کە کام تانکیە پڕبکات و ئاو چۆن دابەشبکات.

دوای دروستكردنی داهێنانە نوێیەكە د. مهاباد كامل عەبدوڵا، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، سوپاس و پێزانی بۆ هەوڵ و داهێنانە زانستیەكی دەردەبرێت و خەڵاتی رێزلێنانی پێدەبەخشێت.

chevron-down