Published at: 16-02-2022

زانکۆی هەڵەبجە بەئەلیکترۆنیکردنی هەگبەی خوێندکارانی ڕاگەیاند

Posted by:  UoH

١١ ساڵ بەسەر کردنەوەى زانکۆى هەڵەبجە تێدەپەڕێت، بەوبۆنەیەشەوە ئەمڕۆ ١٦ى ٢ى ٢٠٢٢ لە کتێبخانەى ناوەندى زانکۆ رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، تێیدا پ.د. مهاباد کامل عبدالله سەرۆکی زانکۆى ههڵهبجه وتەیەکى پێشکەشکرد و وتى “جێی لەخۆیەتى ئاوڕێک ١٠ ساڵى رابردووى کارکردنپ.دى زانکۆکە بدەینەوە لە رووى چارەسەرکردنى کەموکورتییەکان و شانازیکردن بە دەستکەوتەکان”.
ئاماژەى بەوەشکرد “ئەمڕۆ بە شانازییەوە مژدە بە خۆمان و خوێندکاران دەدەین کە پاش هەوڵى لێبڕاوانەى کادرە دڵسۆزەکانمان توانیمان پڕۆژەى هەگبەى خوێندکار بە ئەنجامبگەیەنین کە سیستمێکى جۆرى ئەلکترۆنی ئۆنلاینەو تەواوى داتاو زانیاریی و نمرەو ئەنجامى کۆششى خوێندکار لە ساتى هاتنى بۆ ناو زانکۆ تاکو دەرچوونى لەم هەگبەیەدا بە ئەلکترۆنى کراوە، تەنانەت پاش تەواوکردنى خوێندنیش هەر کات خوێندکار بیەوێت دەتوانێت سوودمەندبێت لەم سیستمە”.

وتیشى لەسەرجەم بوارەکاندا ئێمە پەلمان هاوێشتووە، لە بوارى کارگێڕى لە بوارى زانستى لە بوارى خوێندکاران، بەڵام ئەمە لەجێى تموحى ئێمەدا نییەو ئێمە نابێت لێرەدا بوەستین ئامانجان زیاترە زۆر لەوە زیاتر بڕۆینە پێشەوە،
دووبارە سوپاستان دەکەم و پیرۆزبایی ئەم رۆژە لە سەرجەم خوێندکاران و لە ستافى کارگێڕى و ستافى ئەکادیمى دەکەین هیوادارین ساڵانى داهاتوو دەستکەوتەکان بە پاڵپشتى ئێوە سەد هێندە بکەین”.

لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا سەرۆکى زانکۆ باسى زیادبوونى ژمارەى ستافى ئەکادیمى و بەشى زانستى و ژمارەى کۆلێژ و ژمارەى خوێندکار کرد کە لە ساڵى ٢٠١١ وە بۆ ٢٠٢٢ بە ڕێژەیەکى بەرچاو زیادیکردووە، بۆ نمونە ئەو کات تەنیا یەک کۆلێژ هەبووە ئێستا بووەتە شەش کۆلیژ، ژمارەى خوێندکار ٢٥٠ کەس بووەو ئێستا گەیشتوەتە ٤ هەزار خوێندکار، رووبەرى سەوزایی لە ٢٠١١ دا هیچ نەبووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ٤٠ هەزارو ٩٠٠ مەتر.

لە رووى هەڵکەوتەى جوگرافییەوە کەمپى زانکۆى هەڵەبجە دەکەوێتە بنارى گوندى عەبابەیلێ لە باکوورى شارى هەڵەبجە.

رۆژى ٨ى ٧ى ٢٠١٠ بەپێى بڕگەى یەکەمى ماددەى حەوتەم لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ژمارە ١٠ ى ساڵى ٢٠٠٨ و فەرمانى وەزاریی وەزارەت بە ژمارە (ن/٦٦٤) لە ١٢ى ٧ى ٢٠١٠ سەبارەت بە دامەزراندنى زانکۆکانى (هەڵەبجە، راپەڕین، زاخۆ، گەرمیان) لەلایەن کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارى دامەزراندنى بۆ دەرچووە.

زانکۆى هەڵەبجە لە ئێستادا لە شەش کۆلێژو یەک بەش بە پێکهاتووە کە بریتین لە:-
1- کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەت کە بەشەکانى (زمانى ئینگلیزى، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زمانى عەرەبى) لەخۆدەگرێت.
2- کۆلێژى زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشەکانى (بنەماکانى ئاین، مێژوو، جوگرافیا، راگەیاندن) لەخۆدەگرێت.
3- کۆلێژى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بەشى پەروەردەى وەرزش لەخۆدەگرێت.
4- کۆلێژى زانست هەریەک لە بەشەکانى (فیزیا، زانستى کۆمپیوتەر) لەخۆدەگرێت.
5- کۆلێژى پەروەردەى شارەزوور بەشەکانى (زمانى کوردى، باخچەى منداڵان، گەشەپێدانی مرۆیی) لەخۆدەگرێت.
6- کۆلێژى یاساو کارگێڕیی بەشەکانى (یاسا، بازرگانى نێودەوڵەتى، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان) لەخۆدەگرێت.
7- بەشى ئەندازیاریی شارستانى سەر بە سەرۆکایەتى زانکۆیەو بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا لە چوارچێوەى کۆلێژى ئەندازیاریدا جێى بکرێتەوە.
هەروەها زانکۆى هەڵەبجە لە پلانیدایە بۆ ساڵانى ئاییندە چەند بەشێکى دیکە بکاتەوە.
لەلایەکى ترەوە هەر ئەمڕۆ لەلایەن پ.د. مهاباد کامل عبدالله سەرۆکی زانکۆى ههڵهبجه و محەمەد فەتاح بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى هەڵەبجە لە سەرۆکایەتى زانکۆ پێشانگایەک بۆ هونەرمەندى خۆشنووس دانا دارا کرایەوە.
پێشانگاکە پێکهاتبوو لە چەندین تابلۆى شیعرى شاعیران و وتەى ناودارن،ئەم پێشانگایە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاکیەکانی سەرۆکایەتی زانکۆوە ڕێکخرابوو.

chevron-down