Published at: 19-12-2021

بەدروشمی (بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێین ) دووەمین ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

Posted by:  UoH

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 19ی 12ی 2021 لە هۆڵی یاریگای نێودەوڵەتی زانکۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر خەتاب شێخانی نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پ.د. مهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆ و بەڕێز کاک ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆو مامۆستایان و خوێندکارانی گشت کۆلێج و بەشەکانی بەیانیان و ئێوارانی زانکۆی هەڵەبجە ، بەدروشمی (بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێین ) بەچاودێری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دووەمین ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020 – 2021 بەڕێوەچوو .
سەرەتای ئاهەنگەکە بە هاتنەژوورەوەی کەژاوەی خوێندکاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ دەستی پێکرد .
پاشان چەند دەقیقەیەک بۆ وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان هەمووان بە بێ دەنگی وەستان ، دواتر بە مارشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاهەنگەکە ڕازایەوە .
دواتر بەدەنگی مامۆستا گۆران مەعرووف قورئان خوێنی نێودەوڵەتی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆزی خوێندەوە . پاشان ووتاری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاهەنگ لەلایەن د.جلال خزر ٲحمد خوێنرایەوە ، هەروەها ووتاری سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە خوێندرایەوە و لەلایەن بەڕێز د. خەتاب شێخانی نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ووتاری وەزارەتی خوێندنی باڵای پێشکەش کرد دواتریش ووتاری نوێنەری خوێندکاران خوێندرایەوە .
پاشانیش سوێندخواردنی خوێندکاران لەلایەن د.دانا عبداللە تاهیر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کارووباری زانستی و خوێندنی باڵا خوێندرایەوە ، کە (689 ) خوێندکار لە کۆڵێژەکانی زانستەمرۆڤایەتیەکان ، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی ، کۆلێژی زانست ، کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان ، کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور ، کۆلێژی یاساو کارگێڕی ، بەشی ئەندازیاری شارستانی ، بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد.
دواتر لەلایەن سەرجەم ڕاگری کۆلێجەکانەوە داوای بەخشینی بڕوانامە بەخوێندکاران درا بەپێی پسپۆڕیان لە گشت کۆلێج و بەشەکان ، هەروەها لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە بڕوانامەی بەخشییە سەرجەم خوێندکاران .
لەکۆتایی ئاهەنگەکەدا بڕوانامەی بکالۆریۆس بەخشرایە سەرجەم خوێندکارانی کۆلێج و بەشەکانی بەیانیان و ئێواران لە زانکۆی هەڵەبجە ، هەروەها خەڵات بەسەر خوێندکارانی دەرچووی ( یەکەم ، دووەم ، سێیەم ) لەلایەن نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەران و ڕاگری کۆلێجەکانەوە پێشکەشکرا

chevron-down