Published at: 03-01-2022

زانکۆی هەڵەبجە و زانکۆی تارانی پزیشكی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

Posted by:  UoH

سەرلەبەیانی رۆژی دوو شەممە رێکەوتی (٢٠٢٢/١/٣) بە ئامادەبونی بەڕێزان پرۆفیسۆر د. مەهاباد کامل عبدللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو پرۆفیسۆر د. حوسەین قەناعەتی سەرۆکی زانکۆی تارانی پزیشکی رێکەوتننامەی لێتێگەیشتن لە نێوان هەردوو زانکۆدا واژۆ کرا.
لە سەرەتایی کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی تارانی پزیشکی بە پەرۆشەوە باسی لە دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی نێوان زانکۆکەیان و زانکۆی هەڵەبجەکرد و بەڕێزیان باسی ئەوەیانکرد کە بەرەوپێشبردن و هەماهەنگی زانستی لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە ئەرکێکە لەسەرمان و دەبێت جێبەجێی بکەین بە هۆکاری ئەوەی کە شاری هەڵەبجە بەدەست رژێمی بەعسەوە ئازاری زۆری چەشتوەو لە ئێستادا پێویسیتە لەسەر زانکۆکان بەتایبەت زانکۆی تارانی پزیشکی کە دەستی هاوکاری بۆ زانکۆی هەڵەبجە درێژبکات و ئەوەی لەتوانایاندا بێت درێغی نەکەن لەوبارەیەوە.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، بەڕێز پرۆیسۆر د. مهاباد کامل سوپاسی ئامادەیی و هاتنە پێشەوەی زانکۆی تارانی پزیشکی کردو بەڕێزیان پێیانوابوو کە ئەم رۆژە رۆژێکی مێژووییە لە ژیانی زانستی هەردوو زانکۆدا، هەروەها بەڕێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە باسی لە ناوەرۆکی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتنەکە کردو وتیان “بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین لە ستافی ئەکادیمی هەردوو زانکۆکە کە ناوەرۆکی رێکەوتننامەکە لە مەرەکەبی سەر وەرەقە بگۆڕن بۆ کارو چالاکی زانستی ئاست بەرز لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی لە هەرێمەکەمان و تەواوی ناوچەکەدا”. هەر لە میانی وتەکەیدا، پرۆفیسۆر د. مهاباد باسی لەو هەنگاوانە کرد کە لە چەند ساڵی رابردودا بە هاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایەنی پەیوەندیدار نراون بەمەبەستی کردنەوەی کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجەو واژۆکردنی ئەم رێکەوتننامەیەش لەگەڵ زانکۆیەکی پزیشكی ئاست بەرزی دونیادا لە هەمان چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆی هەڵەبجەدایە بۆ ئەو مەبەستە.

شایانی باسە، لە چەند مانگی رابردودا هەردوو تیمی زانکۆی هەڵەبجەو زانکۆی تارانی پزیشکی چەندین کۆبونەوەو سەردانی هاوبەشیان ئەنجامداوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکاریەکانی واژۆکردنی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتن و نوسینی ئاکشن پلانی تۆکمە بەمەبەستی کارکردن لەسەر ناوەرۆکی رێکەوتننامەکە.

chevron-down