Published at: 04-05-2021

بۆ یەکەم جار لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دامەزراوەی مۆزەخانەی جینۆسادی ئەرمینیاو زانکۆی هەڵەبجە ڕێکەوتننامەی لێکتێگەشتنیان واژۆکرد

Posted by:  UoH

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٥/٤ بە ئامادەبونی بەرێز د. مهاباد کامل عەبدوڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو بەڕێز د. هاروتیون ماروتیان سەرۆکی دامەزراوەی جینۆسایدی ئەرمینیا، هەردوو زانکۆی هەڵەبجەو دامەزراوەی مۆزەخانەی جینۆسادی ئەرمینیا رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
کۆبونەوەکە بە هۆکاری رێگریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو کە تێیدا هەریەک لە راگرەکانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی و کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان و بەڕێوەبەری پەیوەندیە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی هەڵەبجەو یاریدەدەری سەرۆکی دامەزراوەی مۆزەخانەی جینۆسادی ئەرمینیا ئامادەی بوون.
لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا بەرێز سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە تێروتەسەلی باسی لە گرنگی ناوەڕۆکی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو دامەزراوەکە کرد تایبەت بە بابەتی جینۆسایدی گەلانی کورد و ئەرمەن. بۆ ئەو مەبەستەش داواکار بوو کە دامەزراوە ئەرمینیەکە هاوکاری تەواوەتی زانکۆی هەڵەبجە بکات لە سەرپێخستنی سەنتەری جینۆساید و ئەزمونی دوورودرێژی خۆیان و ئەرمینیا لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجەدا بەش بکەن.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکی دامەزراوەی مۆزەخانەی جینۆسادی ئەرمینیا باسی لەوە کرد کە ئەمە یەکەم رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتنیانە لەگەڵ دامەزراوەیەکی زانستی وەک زانکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا و بۆ ئەو مەبەستە بەڵێنی هەموو جۆرە هاریکاریەکی تەکنیکی و زانستی کردەوە بۆ سەرپێخستنی سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی هەڵەبجەو ئەنجامدانی کاری ئەکادیمی هاوبەشی فرەچەشنە.
هەریەک لە ئامادەبوانی کۆبونەوەکە سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر چۆنێتی خستنە بواری جیبەجێکردنی رێکەوتننامەی لێکتێگەیشتنەکە خستەروو وە بریاردرا کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەردولادا هەبێت بۆ ئەو مەبەستە.

chevron-down