Published at: 09-07-2020

زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی سۆران یاداشتنامەی لێك تێگەیشتن ئیمزا دەكەن

Posted by:  UoH

ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی سۆران كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجام دا و یاداشتنامەیەكی لێك تێگەیشتنیان لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كرد.

رۆژی سێ شەممە بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی سۆران ئەنجام درا، تێدا چەند پرسێكی گرنگ لەبارەی پرۆژەی زانستی هاوبەشی هەردوو زانكۆ گفتوگۆیان لەبارەیەوە كرا.

سەرەتای كۆبوونەوەكە بەرێز د. مصلح مستەفا، سەرۆکی زانکۆی سۆران بەخێرهاتنی هەموانی کردو ئاماژەی بە گرنگی کاری زانستی هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ کرد، دواتر کورتەیەکی لەبارەی زانکۆی سۆران خستە روو.

پاشانیش بەرێز د.مهاباد کامل عبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە کورتەیەکی سەبارەت بە زانکۆی هەڵەبجە باسکردو سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ ئەو دەسپێشخەرییە زانستی و ئەکادیمیە و ئامادەبوونیان لەم کۆبوونەوە گرنگە دا.

ناوبراو تەئكیدی لەوەكردەوە لەمەودوا لەچوارچێوەی ئەم یاداشتەدا هەردوو زانکۆ هەمئاهەنگ دەبن لەرووی توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆری مامۆستا وخوێندکارهەروەها رێكخستی پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی هەردوو زانكۆ، سەرەرای کۆنفرانس و وۆرکشۆپی زانستی و نوسینی توێژینەوەی هاوبەش.

یاداشتنامەی هەردوو زانكۆ ئیمزاكراو و دكتۆر مهاباد تەئكیدی لەوەكردەوە كە ” گرنگە خاڵەکانی نێو یاداشتنامەكە دابەزێتە نێو کۆلێج و بەشە زانستیەکان تاوەکو بەشێوازێکی واقیعی جێبەجێ بکرێت”

هەروەها ئەوەشی خستەروو كە لەبواری ژێرخانی ئەلیکترۆنیشدا زانکۆی هەڵەبجە دەتوانێت سود لە ئەزمونی زانکۆی سۆران وەربگرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بارودۆخی خوێندن لە کەمپەس گرفتی بۆ دروست بووە.

دواتر بەرێز د سۆران بەرزنجی بەرێوەبەری پەیوەندیە ئەکادیمیەکانی زانکۆی سۆران خاڵەکانی یاداشتنامەکەی خوێندەوە، پاشان بریاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ درا، بەمەبەستی دەستپێکردن و ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی زانستی گرنگ، وەک دەستپێکی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو زانکۆ.

لەكۆتایدا بە گفتوگۆی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی زانكۆ كۆتایان بە كۆبوونەوە ئۆنلاینەكە هێنا

chevron-down