Published at: 06-09-2022

ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بڕیاریدا بە کردنەوەی سەنتەرێکی زمانەوانی لە زانکۆی هەڵەبجە

Posted by:  UoH

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٢٠٢٢/٩/٦ بەسەرپەرشتیی بەڕێز پ.د.مهاباد کامل عبدللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و به‌ئامادەبوونى یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو كارگێڕی و دارایی و كاروباری خوێندكاران و ڕاگرانی کۆلێجەکان، کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجوومەنى زانکۆ بۆ تاووتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچوو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لە ئەنجومەنی زانکۆو مامۆستایان و خوێندکاران کرد.

لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئەنجامەکانی کۆنفرانسی زانستی بۆلۆنیا پرۆسێسی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەشداری نوێنەرانی زانکۆمان لە کۆنفرانسەکە کرا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئەکتیڤکردنی سەنتەری توێژینەوەو هەماهەنگی سەنتەرەکە لەگەڵ کۆلێجەکان و توێژەرانی زانکۆو جەخت لەوە کرایەوە کە مامۆستایان هانبدرێن بۆ چالاکی زانستی وکاربکرێت بۆ دابینکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە کردنەوەی سەنتەری زمانەوانی پرۆفیسۆر(حەمەی مارف)وەک سەنتەرێکی ئەکادیمی و سەربە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی هەڵەبجە.

chevron-down