بەشی بنەماکانی ئایین لە كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەكان، وۆرکشۆپێکی ناوخۆیی ئەنجامدا، كە تایبەت بەوەی چۆن لەژیاندا دەبیتە كەسێكی سەركەتوو.
وۆركشۆپەكە لە ژێر ناونیشانی “چۆن دەبیتە کەسێکی سەرکەوتوو” لە رۆژی دووشەمە 7/11/2022 لەهۆڵی سیمینارەکانی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەرێوەچوو، تێیدا سێ سیمینار پێشكەشكرا.
سیمیناری یەكەم لە ژێر ناونیشانی “کاریگەری ئاین لەسەر دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ” لە لایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئاوات ساڵح عەبدوڵڵا پێشكەشكراو تێیدا باسی ئەوەی کرد، كە ئایین کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر پێگەیاندن و ناساندن و ژیری و سەربەخۆیی کەسایەتی مرۆڤەکان.
سیمیناری دووەمیش لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ناسح کەریم لە ژێر ناونیشانی “دەروون دروستی و کاریگەری لەسەر تاکی سەرکەوتوو” پێشكەشكرا، كە تێیدا جەختی لەسەر دروستی دەرون کردەوە بۆ تەواوبوونی کەسایەتی مرۆڤ، باسی ئەوەشی کرد، دەبێت گەنجان گرنگی بەدروستی دەرونیان بدەنو خوێندکارانیش ببنە هۆکارێکی گرنگی پێشەوابوون و سەرکەوتنی کۆمەڵگا.
دواتر پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر بەختیار تاڵەبانی باسی گرنگی پێگەیاندنی کەسایەتی مرۆڤی کرد، ئەوەش لە سیمینارێك لە ژێر ناونیشانی “چۆن زانکۆ بکەینە هۆکاری سەرکەوتن”و تێیدا ئەوەی خستەڕوو، لەتەمەنی پازدە ساڵی تا بیست و پێنج ساڵی گرنگترین کاتە بۆ بڕیاردان و یەکلابوونەوەی کەسایەتی مرۆڤ، هەروەها باسی لەوەشکرد، پێویستە خوێندکاران و گەنجان بڕیاری گۆڕانکاری بدەن لەزانکۆوەو جەختی لەوەش كردەوە، دەبێت خوێندکاران لایەنی کۆمەڵایەتی خۆیان بەهێزبکەن، کە لە ژیانی دوای زانکۆیان ڕۆڵی گرنگی دەبێت لەناساندن و دیاریکردنی کەسایەتیان.
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی فەرمانی كارگێڕی وۆركشۆپەكە
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ئاگاداری وۆركشۆپەكە