ىڵاوکراوەتەوە لە: 30-01-2023

شاندێکی زانکۆی هەڵەبجە بەشداریان کرد لە سەردانێکی مەیدانی پڕۆژەی ئەپڕەیز

Powerd by: UoH

شاندێکی زانکۆی هەڵەبجە کە پێکهاتبوون لە بەرێزان پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕەنجدەر محمد عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، م.ی. ڕاستی ئەیوب حمەسعید، نوێنەری پەیوەندیە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکان و رێکخەری پڕۆژە لە زانکۆی هەڵەبجە، م.ی. عطا علی عبدالمحمد مامۆستا لە بەشی بنەماکانی ئایین و م.ی. کاروان مهدی حمە روؤف مامۆستا لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر، بەشداریان کرد لە سەردانێکی مەیدانی خولاو لە چوارچێوەی پرۆژەی ئەپڕەیز.

جگە لە زانکۆی هەڵەبجە، شاندی ٧ زانکۆی کوردی دیکەی پڕۆژەکە لەگەل نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەی سەردانە مەیدانیەکە بوون کە لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشی یەکەم لە شاری ڕۆما لە ئیتالیا لە نێوان ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ و بەشی دووەم لە شاری مورسیا لە ئیسپانیا لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی هەمان مانگدا.

لە بەشی یەکەمی سەردانەکەدا لە ئیتالیا تەوەرەکانی وەک ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی (ICM)، هەلی هاریکاری ئەکادیمی بۆ زانکۆکانی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی پێواژووی بۆڵۆنیادا، بەڕێوەبردنی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی، بە دیجیتاڵ کردن و بە ئۆتۆماتیک کردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ئۆفیسی ئاڵۆگۆری ئەکادیمی زانکۆ ئیتاڵیەکان – UNINT بە نمونە، ئاڵوگۆڕی ڤێرچواڵی ئەکادیمی و ناساندنی یەکە، پڕۆسەکانی ناساندن و چوارچێوەکاری بڕوانامەو دانپێدانان و چەند تەوەرەیکی دیکە لەلایەن کەسانی شارەزاوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لەبەشی دووەمی سەردانەکەدا لە مورسیا لە ئیسپانیا تەوەرەکانی وەک هەلی پڕۆگرامەکانی ئیراسمەس پڵەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کارەکانی ڕێکخراوی بە نێودەوڵەتی کردن لە زانکۆی مورسیا، پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی، ناساندنی یەکەو رێکەوتننامەی فێربوون، پەیوەندی کاریگەرانە لەگەڵ خوێندکاراندا، بەنێودەوڵەتی کردنی ئاژانسەکانی دڵنیای جۆری لە پێواژووی بۆڵۆنیادا، هەڵسەنگاندنی دەرەکیانەی دڵنیایی جۆریی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، پێوەریی جۆریی لە دیزاینکردنی پرۆگرامەکانی دکتۆرادا لەلایەن چەند پرۆفیسۆرێکی زانکۆی مورسیاوە پیشکەش کران.

پرۆژەی ئەپرەیز یەکێکە لە پرۆژەکانی یەکێتی ئەوروپا لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ئیراسمەس پڵەس لە بواری پەرەپێدانی تواناکان لە خوێندنی باڵادا کە تێیدا ٨ زانکۆی کوردی و ٤ زانکۆی ئەوروپی بەشدارن و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەش لە ئەستۆی ڕێکخراوی یونیمێدایە. ماوەی پڕۆژەکە ٣ ساڵە و ئامانجی سەرەکی بەمۆدێرنەکردنی سیستمی بەرێوەبردنە لە خوێندنی باڵادا بە جەختکردن لە تەوەرەکانی پلانی ستراتیجی و دڵنیایی جۆریی و جێبەجی کردنی پێواژوی بۆلۆنیا.

chevron-down