بڵاوکراوەتەوە لە: 19-05-2024

دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە کۆتایی پێ ھات

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

بە ئامادەبوونی بەڕێزان پرۆفیسۆر د. مھاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و کاک عومەر حاجی ئەحمد لێپرسراوی مەڵبەندی 9ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەرزادی پارسا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کوردستان/ سنە و بەشێک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حکومی و حزبی، ڕۆژی ١٨ی٥ی٢٠٢٤ مەراسیمی کۆتایی دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە ئەنجامدرا.
سەرەتا دکتۆر ئاکۆ ابراھیم فەقی ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری سلیمانی کرد کە سپۆنسەری دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە کردوە، سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەن زانکۆی کرد پشتگیری پاڵەوانییەکە بوون ھەروەھا سوپاسی ھەر دوو زانکۆی کوردستانی سنە و زانکۆی سلیمانیان کرد کە بەشداربوون لە دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە. لە کۆتاییدا وتەکانیدا سوپاسی ھاوکاری و دلسوزی خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان کۆلێج و زانکۆی کرد کە ھاوکاری سەرەکی بوون لە سەرخستنی پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە.
دواتر بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پرۆفیسۆر دکتۆر مھاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆی ھەڵەبجە باسی لە دەسکەوتەکانی زانکۆی ھەڵەبجە کرد کە بە ئاراستەی بە نێودەوڵەتی کردن ھەنگاو دەنێت. لە بەشێکی تری وەتەکانی بەڕێزیان باسی لە ڕۆڵی و گرنگی وەرزشی کرد کە توانیویەتی ھەمووان کۆبکاتەوە.
پاشان بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەرزادی پارسا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کوردستان سوپاس و پێزانینی زانکۆی کوردستانی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە کرد کە بەجوانترین شێواز پێشوازیان لە وەفدی زانکۆی کوردستانی سنە کردوە وباسی لە گرنگی پاڵەوانییەکە کرد کە پەیامی پێکەوەژیان وئاشتی لە نێوان ھەر سێ زانکۆی ھەڵەبجە و کوردستانی سنە و سلیمانی پتەوتر کرد و سوپاسی ڕێکخەرانی پاڵەوانییەکە کرد.
بەشێکی تر مەراسیمی کۆتایی دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە بریتی بوو لە ئەنجامی یارییەکانی دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە کە تیپە سەرکەوتووەکان دیاری و خەڵاتکران.
لە کۆتاییدا ئێوارە خوانێک بۆ یاریزانان و میوانان ڕێکخرا و ئاھەنگی کۆتایی دووەمین پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی وەرزشی زانکۆی ھەڵەبجە کۆتایی پێ ھات.

chevron-down