بڵاوکراوەتەوە لە: 23-02-2024

ئەنجامدانی سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە ڕۆژی زمانی دایک

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٤/٢/٢١) بە ئامادەبوونی بەڕێزان پڕۆفیسۆر د. دانا عبداللە طاهر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەحمەد میرە ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور و د.شوان نوری ڕاگری کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە حوکمی و حیزبییەکان و سەرۆکی بەشەکانی کۆلێژ و مامۆستایان و خوێندکاران، بەشی زمانی کوردیی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، لە ڕۆژی زمانی دایکدا سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە پرسی زمان و زمانی دایکی ئەنجامدا.
سەرەتای سیمپۆزیۆمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێز د.ئاریان سدیق عەزیز وتاری پێشەکی سیمپۆزیۆم خوێندرایەوە کە باسکردنبوو لە پێگەی زمانی دایک لە لەم سەدەیەدا، پاشان لەلایەن بەڕێز ڕاگری کۆلێژەوە وتەیەک خوێندرایەوە تیایدا سوپاسی ئامادەبووانی کرد و پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی دایکی لە ئامادەبووان و خوێندکاران کرد.
پاشان لە بەرنامەی سیمپۆزیۆمەکەدا بەم ناونیشانانەی خوارەوە، سێ سیمینار پێشکەشکران:
١- د.تارا موحسین قادر، ناونیشانی سیمینار (گرنگیی زمانی دایک و فێرکردنی زمانی دووەم).
٢- د.نالی ئەدهەم غەریب، ناونیشانی سیمینار (زیرەکی دەستکرد و زمان).
٣- م.ئاریا یاسین،ناونیشانی سیمینار (پێشێلکردنی بڕگە دەستورییەکانی زمان لەلایەن دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکانەوە).

chevron-down