بڵاوکراوەتەوە لە: 23-05-2023

زانکۆی هەڵەبجە و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەیەكی لێکتێگەیشتن واژوودەکەن

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

زانکۆی هەڵەبجە ودامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەیەكی لێکتێگەیشتنیان واژووكرد، كە چەند بوارێكی جیاواز بۆ پێشخستنی زانكۆ لەخۆ دەگرێت.

رۆژی سی َشەممە ٢٣-٥-٢٠٢٣ واژوو لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی هەڵەبجە و دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرا، ئەوەش لەلایەه هەریەكە لە بەرێزان سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە (پ. د. مەهاباد کامیل عەبدوڵڵا)، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال (د. محەمەد سابیر).

مەراسیمی واژووكردنی لێكتێگەیشتنەكە بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو بەڕێوەبەری پەیوەندییەئەکادیمییەکان و لێپرسراوی سەنتەری کاری زانکۆی هەڵەبجە دامەزرێنەرو لێپرسراوی کارگێڕی و پەیوەندییەکانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەرێوەچوو.

دوای واژووكردنی لێكتێگەیشتنەكەش، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیشدا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، واژووكردنی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕۆژێکی مێژووییە، چونكە هەموومان قەرزاری سەرۆک مام جەلال-ین، ئەو ڕۆڵێكی گەورە و کاریگەری هەبووە لەدامەزراندنی زانکۆکان و گەشەپێدانیان، بۆیە ئێمەش بەشانازییەوە هەوڵی بەرەوپێشبردن و گەشەدان بەو هەنگاوانە دەدەین.

سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە راشیگەیاند، ئێستا بەخۆشحاڵییەوە لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی واژووی لێكتێگەیشتنێكمان كردووە، بۆ ئەوەی خزمەتی خوێندکاران و فەرمانبەرو مامۆستایانی پێبکەین لەبواری زانستی و توێژینەوە و بوارەكانی تریشدا.

پاشان سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی باسی لەڕۆڵی (سەرۆک مام جەلال) لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد و وتی: خۆم بە خوێندکارێکی مام دەزانم و هیوادارین بتوانین کارێک ئەنجامبدەین لەئاستی گەورەیی ئەو زاتەدا بێت،

هەروەها باسی لە ڕۆڵی مام لەدامەزراندنی زانكۆكان و پشتگیرییەكانی كردو وتیشی: پێویستە هەڵەبجە گرنکی زیاتری پێبدرێت و ئێمەش هەرچەند بتوانین هاوکاردەبین، پاشان باسی لەکارەکانی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال و پڕۆژەکانی داهاتووی دامەزراوەكەیان بەتایبەت لەبواری خوێندنی باڵاو دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتووەکانی ناوخۆ و عێراق و جیهانیش كرد.

chevron-down