بڵاوکراوەتەوە لە: 06-05-2023

بە بەشداری زانكۆی هەڵەبجە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەورامانناسی لە شاری سنە بەرێوەچوو

ئامادەکراوە لەلایەن: UoH

یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی و ئەكادیمی هەورامانناسی لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرێوەچوو، كە بە هاوبەشی لەلایەن هەرسێ‌ زانكۆی كوردستان/ سنە، زانكیۆی هەڵەبجە و زانكۆی سلێمانی رێكخرابوو.

كۆنفرانسەكە لە رۆژانی ٣ و ٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، كە مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجە بە چەند توێژینەوەیەكی تایبەت لەبارەی هەورامانەوە بەشدارییان كردبوو، ئەمە جگە لە پێشكەشكردنی وتارێكی تایبەت لەلایەن بەڕێز پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە و بەشداری شاندێكی زانكۆكە لە كۆنفرانسەكەدا، كە بەرێز دكتۆر ئەحمەد رەشید میرە راگری كۆلیژی پەروەردەی شارەزوور سەرۆكایەتی دەكرد.

زانکۆی کوردستان/ سنە، زانكۆی هەڵەبجە، زانكۆی سلێمانی لە چوارچێوەی هەوڵە زانستییەکانیاندا کۆنفرانسە زانستییەكەیان بۆ ناساندنی هەورامان لەبوارە زانستی و كەلتوری و كۆمەڵایەتی و هونەرییە جیاوازەکاندا كۆنفرانسەكەیان رێكخستبوو، كە لەماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسدا بە 22 پانێڵ 93 توێژینەوە لەو بوارانە پێشكەشكرا.

کۆنفرانس زانستی هەورامانناسی بە ئاهەنگی کردنەوەی کۆنفرانس دەستی پێکرد، كە هەر لە ئاهەنگەکەدا جگە لە وتاری سەرۆکی زانکۆی کوردستان/ سنە، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، وتاری پارێزگاری سنە و سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی زانکۆی سنە پێشكەشكرا.

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە وتارەكەیدا دوای بەخێرهێنانی میوانە بەرێزەكانی كۆنفرانس، هیوای خواست كۆنفرانسەكە ببێتە بەردەوامی كارە پێكەوەییەكانی زانكۆی كوردستان و زانكۆی هەڵەبجەو زانكۆكانی تری هەردوو وڵات، هەروەها دەستپێشخەری زانكۆشی نیشاندا، كە دووەمین كۆنفرانسی هەورامانناسی لە ساڵی داهاتوو لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەبچێت، دەستخۆشی لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەكە كرد و جەختیكردەوە، ئەمە هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ پێكەوەبەستن و كاری هاوبەشی تر لەنێوان زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆی كوردستان.

هاوكات لە ئاهەنگی کردنەوەی کۆنفرانسدا چەندین بابەتی زانستی لە بارەی مێژوو و کلتورو ئەدەبیاتی هەورامان پێشکەش کرا، لەگەڵ ئەوەش دوو بەرگی کتێبی هەورامان ناسێنرا، كە لەسەر ئەركی كۆنفرانس چاپكرابوون.

دواتر لەسێ هۆڵی جیاوازدا و لە هەر لە رۆژی یەكەمدا بە 9 پانێڵ بۆ چەند توێژینەوەیەكی جیاواز بە چەند سیمینارێك پێشكەشكراو توێژەران بە كورتی ناوەڕۆكی توێژینەوەكانیان خستەڕوو.

هەروەها لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەكەدا بە چەند پانێلێكی تر ناوەڕۆكی تەواوی توێژینەوەكانی تر لەلایەن توێژەران خرایەڕوو، كە هەر لەو پانێڵەدا مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجە ناوەڕۆكی توێژینەوەكانیان بۆ ئامادەبووان باسكرد.

لەکۆتایدا بە ئاهەنگێك و خوێندنەوەی بەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانس چەند چالاکییەكی تری هونەری پەردە لەسەر چالاكییەكانی یەكەمین كۆنفرانسی زانستی و ئەكادیمی هەورامانناسی لە شاری سنە دادرایەوە.

کلیک لێرە بکەن بۆ بینینی سایتی كۆنفرانسی زانستی هەورامانناسی

chevron-down