بڵاوکراوەتەوە لە: 10-04-2023

سمینارێک لەسەر ChatGPT لە زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

ئەمرۆ دوو شەممە کاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ، سیمینارێک لەسەر ChatGPT لەلایەن بەڕێز (م.ی. ڕاستی ئەیوب حمە سعید) لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندیە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکان پێشکەش کرا.

لە سیمینارەکەدا باس لەوە کرا کە ChatGPT مۆدلێکی ژیری دەستکردەو بۆتە باس و خواستی میدیا و سۆشیال میدیاکانی جیهان بەهۆی ئەو شوڕشە گەورەیەی کە هێنایە ئاراوە لە بواری ژیری دەستکرددا.

سەرەتا باس لە خودی ژیری و زیرەکی دەستکرد کراو دواتر مۆدلەکە بە ئامادەبووان ناسێنرا کە لەلایەن کۆمپانیای OpenAI پەرەپێدراوەو یەکەم ڤێرژنی لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوەو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ڤێرژنی ٣.٥ بڵاو کرایەوەو تەنها لە ماوەی ٥ ڕۆژدا یەک ملیۆن بەکارهێنەری بەلای خۆیدا ڕاکێشا.

دواتر باس لەوە کرا کە دەتوانێت چەندین جۆر ئەرکێک ئەنجام بدات وەک نوسینی وتارو هەواڵ و وەرگێرانی تێکست و ڕوونکردنەوەی نوسین و ئاسانکردن و دووبارە داڕشتنەوەی دەق بە ئاستی جیاواز و ئامۆژگاری و پێشنیار لە چەندین بواری جیاوازداو تەنانەت ئەتوانێت پارچەی شیعر بنوسرێت یان وەک هاوڕێیەک بەکاربهێنرێت بۆ گفتۆگردن بە زمانی سروشتی مرۆڤ.

هەر لە میانەی سیمینارەکەدا سەرنجی ئامادەبووان بەلای ئەوەدا ڕاکێشرا کە ئێستا ڤێرژنی ٤ بۆ بەشداربووانی مانگانەی بەردەستە کە توانای زانیاری و وەڵامدانەوەی ئێجگار بەرزەو بوەتە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گۆگڵ و مایکرۆسۆفت بکەونە خۆیان ئەوانیش ژیری دەستکردی خۆیان لەو مەیدانە تەکنەلۆژیەدا ڕابگەیەنن.

پاشان لایەنە خراپەکانی باس کران وەک ئەوەی کە ئەبێتە جێگرەوەی چەندین پیشەی مرۆڤ و چاوەڕێ دەکرێت ببێتە هۆی لادانی ٣٠٠ملیۆن کەس لەسەر کارەکانیان و هەروەها بەکارهێنانی زیاد لە ڕادەبەدەری خوێندکاران و لاواز کردنی ئاستی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و توانای کێشە چارەسەرکردنی تاکەکان و کۆمەڵەگا بە گشتی.

لە کۆتاییدا بە ئەنجامدانی چەند کردارێک لەسەر وێبیسایتی مۆدلەکەو بە چەندین پرسیارو وەڵام لە ژیری دەستکردی ChatGPT بابەتی سیمینارەکە دەوڵەمەندتر کرا.

chevron-down