بڵاوکراوەتەوە لە: 22-03-2023

زانکۆی هەڵەبجەو زانکۆی ئێڤۆرا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژوو دەکەن

ئامادەکراوە لەلایەن:  زانکۆی هەڵەبجە

لە درێژەی هەوڵ و چالاکیەکانی پەیوەندیە ئەکادیمیەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ مەبەستی دروست کردنی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی جیهاندا، زانکۆی هەڵەبجە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنی لەگەڵ زانکۆی ئێڤۆرا لە وڵاتی پرتوگال واژۆ کرد.

یاداشتنامەکە لەلایەن بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر مەهاباد کامیل عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو بەڕێز پرۆفیسۆر پاولۆ کواریسما جێگری سەرۆکی زانکۆی ئێڤۆرا بۆ توێژینەوەو داهێنان و بەنێودەوڵەتیکردن واژۆ کرا بەشێوەی ئۆنلاین.

لە خاڵە گرنگەکانی ناو یاداشتنامەکە بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە پەرەپێدانی پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش، ئاڵوگۆڕی مامۆستاو تویژەر و خوێندکار، ڕێکخستنی خول و وۆرکشۆپ و سیمینار، ئاڵوگۆڕی سەرچاوەو کتێب و بابەتی ناو کتێبخانەو بڵاوکراوەکان، ئەنجامدانی پرۆگرامی هاوبەشی ماستەر و دکتۆرا.

یاداشتنامەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە، لە چوارچێوەی ئەو نەخشەڕێگایەدا ئەنجامدراوە کە زانکۆی هەڵەبجە هەیەتی بۆ دروست کردنی پردێکی ئەکادیمی و زانستی لەگەڵ زانکۆ ناسراوەکانی ئەوروپا کە مامۆستایان و توێژەران و خوێندکاران دەتوانن لێی سودمەندبن.

زانکۆی ئێڤۆرا یەکێکە لە زانکۆ ئەوروپییە بەشداربووەکانی پرۆژەی ئەپڕەیز و خاوەنی ٨٠٠٠ خوێندکار و ١٥٠٠ خوێندکاری نێودەوڵەتی و ٦٧٠ ستافی ئەکادیمی و پرۆگرامی ماستەرو دکتۆرا لەچەندین بواری جیاوازدا.

chevron-down