بڵاوکراوەتەوە لە: 12-01-2023

زانکۆی هەڵەبجە.. بەڕێوەچوونی دەیەمین کۆنفڕانس و پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان

ئامادەکراوە لەلایەن: UoH

لە زانكۆی هەڵەبجە دەیەمین كۆنفرانس‌و پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان بەرێوەچوو، كە تێیدا چەند چالاكییەكی جیاواز ئەنجامدرا.

رۆژی پێنج شەممە 12/1/2023 بەئامادەبوونی بەڕێز دكتۆر خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە و سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەری فەرماگەکان و نووسەران و ڕۆشنبیران و هەشتا داهێنەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەیەمین کۆنفڕانس و پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان بەرێوەچوو.

دەستپێکی کۆنفڕانسەكە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان لەگەڵ سروودی نیشتمانی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، پاشان بەرێز پرۆفیسۆر دكتۆر مەهاباد كامل عەبدوڵڵا سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە لەوتەیەکدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و وتی: زانکۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی تۆماردەکات، کە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی لەچالاکییەکی زانستیدا کۆکردووەتەوە لەو شارەی، بەشاری پێکەوەژیان ناسراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەمجۆرە چالاکییانە بیرو هزری هەر نەتەوەیەک بەجیهان دەناسێنێت، بۆیە مایەی شانازییە، کە وڵاتی نێوان دوو ڕووبارو خاوەن شارستانیەت و پڕ بەرەکەت توانای داهێنانی زۆرە و دەکرێت پێشبینییەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان بکەین. و

سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە وتیشی: شاری هەڵەبجە لەکۆنەوە لانکەی داهێنانە مەزن و جیاوازەکان بووە، بەدەیان شاعیرو سیاسەتمەداری پێشەنگی تێداهەڵکەوتووە، باسی لەوەشکرد زانکۆی هەڵەبجە هەوڵیداوە سنووری شارەکە تێبپەڕێنێت و بازنەی پەیوەندییەکانی فراوان بکات و ببێت بەدەروازەیەک بۆ کرانەوەی تاک و ئاڵوگۆڕی زانستی و مەعریفی چ لەهەرێم، یان ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی.

دواتر سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس، بەرێز پڕۆفیسۆر قاسم نەجیب مەرسومی بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتی فەڕەنسی بۆ زانایان و داهێنەرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و پارێزگاری هەڵەبجە و ئامادەبووانی کرد بۆ پێشوازی و پەرۆشیان بۆ ئەنجامدانی دەیەمین کۆنفڕانس ‌و پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان.

هەروەک ئامانجی سەنتەر و ئەنجامدانی ئەمجۆرە چالاکییانەی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو، کە چەندین بواری جیاواز لەخۆدەگرێت.

لە بەشێكی تری چالاكییەكەدا هەر داهێنەرێک بەچەند خولەکێک باسی لەداهێنانەکەی كرد، پاشان پێشەنگای داهێنەران کرایەوە و دواتر بڕوانامە و ڕێزلێنان بەداهێنەران و لیژنەی سەرپەرشتیاران بەخشرا.

دەیەمین کۆنفڕانس و پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ داهێنان، بەسەرپەرشتی بەرێز پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و سەنتەری نێودەوڵەتی فەڕەنسی بۆ زانایان و داهێنەرانی عێراق و بەهاوکاری هەردوو کۆلێژی (پەروەردە و ئەندازیاری زانکۆی سامەڕا) لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبوارە جیاوازەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، فیزیا، کیمیا، زانستەمرۆڤایەتییەکان و بوارەکانی دیکە) ئەنجامدرا.

chevron-down