ئیبراھیم ئەحمەد، پێشەنگی داھێنان

کەمجار لە قۆناغێکی مێژوویدا ھەڵدەکەوێت، کە تاکە کەسێک لە چەندیین بواری جیاوازدا پێشەنگ بێت. مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد یەکێک لەو داھێنەرانەیە، کە خاسیەت و تایبەتمەندیی پێشەنگ_بوون، لە تەواوی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا ڕەنگیداوەتەوە. مامۆستا وەک گەنجێکی ھەڵکەوتوی بواری سیاسەتی ڕۆژگاری تایبەتی خۆی، یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە بواری سیاسەتدا، پێشەنگایەتیی خۆی دەسەلمێنێت و لە دووەمیین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە دووەمین سکرتێری گشتیی پارتیی ھەڵدەبژێررێت. ھاوشان لەگەڵ کاری سیاسییدا بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەی، لەبواری ڕۆشنبیریی و نووسیین و ئەدەبیاتیشدا، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد لەچەندیین ڕەھەند و کایەی جیاوازدا، جێدەستی خۆی ڕەنگدانەوەی بییر و ئایدیا و ھەڵوێستەکانی بەڕوونی لەبەرچاون. بۆنموونە دەرکردنی گۆڤاری گەلاوێژ و بڵاوکردنەوەی بەرھەم و نووسیینە ئەدەبیی و ھونەرییەکان و بابەتی وەرگێڕراوی نووسەرانی ئەو سەردەمە لەو گۆڤارەدا، یەکێکە لە ھەرە قۆناغە پرشنگدارەکانی مێژوی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە باشوری کوردستاندا، کە بۆ ماوەی دە ساڵ بەردەوام ژمارەی نوێ بە بابەتی بەپێز و ڕۆشنگەریی سەردەمەوە دەردەچوو. مامۆستا بەھەمان شێوە وەک یەکەم ڕۆماننوس بە ڕۆمانی (ژانی گەل)، داھێنانێکی دیکە دەخاتە سەر مەڵۆی داھێنانەکانی و چمکی بوارێکی دیکەی ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەگرێت و دەبێت بەیەکەم نەخشەداڕێژی نووسیینی ڕۆمان لەم بەشەی کوردستاندا.
خۆشەویستەکەم ئارامی گیانم
بینایی دیدەم ڕۆحی ڕەوانم
چیتە؟! لەسەرچی کەوتووی بە قینا؟!
تەنیا جێتهێشتوم لەچۆڵیی ژینا؟!
یاران ھەر ئاوا پەیمانشکێنن!
ھەر وا بێ قسە و وا بێبەڵێنن!
یان ھەر تۆ، ھاوار، تۆیش لە بەختی من
ڕاستیی و پەیمانت لێ بووەتە دوژمن
لە بواری شیعر و بەرھەمی شیعریشدا، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بەو دەقە شیعرییانەی، کە لە دوای خۆی بەجێیھێشتوون، خزمەتێکی گەورەی بە ژانری شیعر لە ئەدەبیاتی کوردیدا کردووە و جێدەستی بە نەخشەی ئەدەبیاتی کوردییەوە تاھەتایە دەدرەوشێتەوە.
8 / 4 / 2000، ساڵیادی کۆچیدوایی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد
ڕۆحت شادبێت
پ.ی.د. مهاباد کامل عبدللە
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە
٢٠٢١/٤/٨

 

Sharing is caring!