لەژێر دروشمی (ھەڵەبجە ژیانەوەو بەردەوامی) زانکۆی ھەڵەبجە یادی سی و سێیەمین ساڵرۆژی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەکاتەوە

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ لە ھۆڵی کتێبخانەی زانکۆی ھەلەبجە بە ئامادەبوونی پ.ی.د مھاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ھەڵەبجە و د.کاوە جمال ڕەشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆکاروباری کارگێڕی و دارایی و د. محمد علی حسین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری زانستی و بەڕێز بەختیار جمیل بەرپرسی ڕێکخستنی زانکۆ و پەیمانگاکان و ژمارەیەک لە خانەوادەو کەس وکاری شەھیدان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی ھەڵەبجە ، مەراسیمی سی و سێ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بەڕێوە چوو.

دەستپێکی مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی پارچە ھۆنراوەیەک و پاشان ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و شەھیدانی خاک و کوردستان بەرێوەچوو لە مەراسیمەکەدا بەشێک لە ئامادەبووان ٣٣ مۆمیان وەک ھێمایەک بۆ یادی سی وسێ ساڵەی کارەساتی ھەلەبجە داگیرساند ، پاشان پ.ی.د مھاباد کامل عبداللە وتارێکی پێشکەش کرد کە پێش خوێندنەوەی وتارەکە پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی نوسەری کورد د.کەمال مەزھەر کرد بەھۆی بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی ئەو نوسەرە مەزنە، پاشان لەوتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەی بە یەکێک لە قێزەونترین تاوانە سیاسیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی وەسف کرد کە بەرامبەر بە شاری ھەلەبجە شاری کەلتور و ئەدەب و پێکەوە ژیان کراوە و یەکێکە لەو رووداوانەی کەمێژووی قوربانیدان و خەبات بۆ مانەوە و ژیانی گەلەکەمان دەگێرێتەوە و ئەوەشی وت چیتر ئەو قۆناغە تێپەڕی کە مێژوی روودوەکان بگێڕدرینەوە، بەڵکو بۆ لەمەودوا کار لەسەر ئەو ئەجێندایانە بکەین کە چۆن ھەلەبجەیەکی پڕ ژیان و ئاوەدانی دروست بکەین.

بەشێکی تر لە چالاکیەکانی مەراسیمەکە راگەیاندنی پرۆژەی ھاوبەشی (ئەرشیفی دیجیتاڵی) ھەڵەبجە بوو کە ھەریەک لە بەرێزان پ.ی.د. مھاباد کامل عبداللە و د. محمد علی حسین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا فەخرەدین کە یەکێکن لەو بنەماڵانەی زۆرترین قوربانیان داوە لەتاوانی کیمیابارانی ھەلەبجەی شەھید پرۆژەکەیان کردەوە، دواتر د. ھێمن میرانی مامۆستا لە زانکۆی سۆران و
د. نەریمان ڕاگری کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەکان لە زانکۆی ھەڵەبجە پوختەیەکیان دەربارەی ئەو پرۆژە ھاوبەشە و گرنگی لە بە ئەرشیفکردنی رووداوەکانی کارەساتی جینیۆسایدی ھەلەبجە بە وێنە و ڤیدیۆ و داتا ھەروەھا بوونی مۆزەخانەیەکی دیجیتاڵی ھاوشێوەی مۆزەخانەکانی دونیا بە شێوازی virtual tour پێشکەشکرد، ئەوەشیان راگەیاند کە پرۆژەکە ھی ھەمووانە و بە پاڵپشتی ھەمووان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و ناردنی داتا و ئەرشیف بەرەوپێشتر دەچێت.
دواتر چالاکیەکی ھونەری لەلایەن سەنتەری چالاکی گەنجانی ھەڵەبجەوە پێشکەشکرا .
لە کۆتاییدا باخچەی ژیانەوە کەلەسەر ئەرکی زانکۆی سلێمانی تەواوکراوە لە ناو کەمپی زانکۆ و ستۆدیۆی زایەڵە لە بینای کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەکان کرایەوە و لەلایەن د.ھەتاو حمە ساڵح سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن پوختەیەکی لەسەر ستۆدیۆیەکە پێشکەش کرد .

 

 

 

 

Sharing is caring!