دەقى وتارى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێوڕەسمى یەکەمین دیدارى هاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە

هەولێر – سێشەمە ڕێکەوتى (٢٠٢١/٢/٢٣)

میوانە بەڕێزەکان
خوشک و برایانی ئازیز
ئەم کاتەتان باش

• خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە یەکەمین دیداری هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە لەگەڵتان بەشدارم،
• دەستخۆشی لە ڕێکخەران و لێژنەکانی ئامادەکاری ئەم دیدارە دەکەم لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە،

• هیوام وایە ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی گونجاو بێت بۆ دروستکردنی دیبەیتێکی نیشتیمانی بنیاتنەر دەربارەی گرفتەکانی پرۆسەی پەروەردە و سیستمی وەرگرتن خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان.

• ئێمە گەر بمانەوێت ئابوورییەکی گەشەکردوو کۆمەڵگایەکی ئارام و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرمان هەبێت دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە خوێندن و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانمان ئەنجام بدەین و هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش بۆ ڕیفۆرمی قوڵ و ڕاستەقینە و چاکسازی ئەم کەرتە گرنگە،

• دەمەوێت ئاماژە بەو ڕاستییە بکەم کە فەلسەفە و سیستمی خوێندمان، ناوەرۆکی پرۆگرام و کەلتوری پێداگۆجیمان، ئاراستەی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی و سیستمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکانمان پرسیاری گەورەی لەسەرە .

• هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و دروستکردنی زەمینەی دیبەیتی نیشتیمانییە، دەبێت زیاتر کات و هەوڵ و سەرمایەی نیشتیمانی بۆ ئەم پرسانە تەرخان بکەین.

• ئەمڕۆ ئێمە لەم دیدارەدا دوو پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەین،
• یەکەمیان تایبەتە بە سیستمی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چی لە ماوەی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا سیستمی وەرگرتنی ناوەندی لەسەر بنەمای کۆنمرەی تاقیکردنەوەی ١٢ی ئامادەیی، ڕێچکەی سەرەکی بووە بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر یەکسانی لە پرۆسەی وەرگرتندا بەدی بهێنێت، بەڵام ئەم سیستمە نەیتوانیوە دادپەروەری ڕاستەقینە لە پرۆسەکەدا دروست بکات و ڕەچاوی خەون و حەز و ئارەزوو تواناکانی دەرچوانی ئامادەییەکان و پێداویستییەکانی گەشەکردنی ئابوری و بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بکات.

• ئەم سیستمە ئەبستراکتە و پشت بە ژمارە دەبەستێت، کۆنمرەی تاقیکردنەوەی وەزاری قۆناغی (١٢) ی ئامادەیی تەنها پێوەرە بۆ پێشبڕکێ و ڕەچاوی باکگراوند و ڕێچکەی فێربوون و توانای ڕاستەقینەی داهێنانی دەرچوانی ئامادەیی ناکات.

• پرسیاری سەرەکییمان ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگای ئێمە ئامادەیە لە ڕووی سایکۆلۆجی و کەلتوری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، گۆڕانکاری بنچینەیی لە سیستمی وەرگرتندا بکات،

• ڕوئیای ئێمە ڕوونە……دەبێت سیستمی وەرگرتن لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی حەز و ئارەزوو تواناو پۆتێنشیاڵی تاکەکان دابڕێژرێتەوە، لە کۆنسێپتی پەروەردەی مۆدێرندا ڕەچاوی ئەو فاکتە دەکرێت کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا ڕێچکەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی و دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سیستمی پەروەردە ببنە ڕێخۆشکەر لەبەر دەم گەشەکردن و دەرکەوتنی تواناو پۆتێنشیاڵی تاکەکان.

• هەروەها سیستمی وەرگرتن دەبێت پشت بە بنەماکانی خوێندنی پەیوەندیدار واتا (Relevant Education) ببەستێت، بەو مانایەی کە پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەیی لە زانکۆ و کۆلێج و بەشەکان لەسەر بنەمای نمرەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بێت، تا ئیستا پرۆسەی هەڵسەنگاندن تەنها پشت بە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەیی دەبەستێت و زانکۆکان و بەشە زانستییەکان بەشدار نین لە هەڵبژاردنی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە توانا و ئارەزووەکانیان لەگەڵ ئەو بەشانەدا دەگونجێت.

• ئەگەر چی لە هەردوو ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ ٢ و ٢٠٢٠/٢٠٢١ توانیمان هەموو دەرچوانی ئامادەیی ئەوانەی داوایان بۆ وەرگرتن پێشکەش کردبوو لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێگا بکەینەوە و هیچ قوتابی و خوێندکارێک لەدەرەوەی پلانی وەرگرتن نەمێنێتەوە، بەڵام ئەو ژمارانەی کە وەرگیراون نزیکەی ٢٠٠٪ زیاترن لە پلان و توانای وەرگرتنی زانکۆکانمان، بێگومان لەگەڵ پێداویستییەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی هەرێمیشدا هاوتەریب نین.

• هەر بۆیە تەنیا تەرکیزکردن لەسەر ڕێچکەی خوێندنی ئامادەیی و زانکۆکان و فەرامۆشکردنی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ لەبەژەوەندی گەشەکردنی ئابووری و ئاراستەی پەرەپێدانی توانامرۆییەکان و دەرفەت و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمەکەمان نابێت.

• بۆ ئەم پرسە پێویستمان بە داڕشتنەوەی سیاسەت و ستراتیجی نوێ بۆ ئاراستەکانی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە ئاستی ئامادەیی و زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان دەبێت و گرنگە زانکۆ تایبەتەکانیش لەم پرۆسەیەدا بەشدار و هاوکار بن.

• هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی، خوێندنی باڵا و پەروەردە و پلاندانان و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بەشداری کەرتی تایبەت بۆ ئەم پرۆسەیە گرنگن.

• ئێمە گرنگە لە سەر ئاستی نیشتیمانی ئامادەبین بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا گەنجان و نەوەی نوێی وڵاتەکەمان بۆ چ جۆرە ئابووریەک و چ جۆرە بازاڕێک ئامادە دەکەین تاوەکو گەنجەکانمان توانای پێشبڕکیی دەستکەوتنی هەلی کاریان هەبێت.

• دەبێت هەوڵ بدەین لەگەڵ بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئاراستەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەییدا گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستم و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندندا بکەین، بە جۆرێک قوتابی و خوێندکار لە چەقی پرۆسەکەدا بن و دەرفەتی داهێنان و کارسازی و پەرەپێدانی کارامەییکان باشتر برەخسێنین، بەتایبەت کارامەییەکانی (فێربوون بە درێژایی ژیان و سۆفت سکڵ و توانای داهێنان و کارسازی و فێربوونی زمانی دووەم، توانای کارای پەیوەندیکردن).

• ، هەوڵ بدەین زانکۆکانمان پەیوەندی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و کەرتی گشتی و پیشەسازی لەهەرێمەکەمان هەبێت، پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و توانا و پۆتێنشیاڵی گەشەکردنی ئابووری هەرێمەکەمان لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەش دەبێت باشتر خۆمان بۆ بنیادنانی دەستی کار و توانامرۆییە خۆماڵییەکانی وڵاتەکان ئامادە بکەین،

• هیوامان وایە لەم دیدارەدا بتوانین بەشیوەیەکی پراکتیکی نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی ئەم روئیا و ئامانجانە گەڵاڵە بکەین بڕیار و ڕاسپاردەکانیش ببنە بنەمای گۆرانکاری بنەڕەتی لەم بوارە.

• دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

• هەمیشە هەر شاد و سەربەرز و سەرفراز بن.

Sharing is caring!