زانکۆی هەڵەبجە بەشداربووی پرۆگرامی APPRAIS دەبێت

رۆژانی ٢-٣ /٢/ ٢٠٢١ بە ئامادەبونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ د. مهاباد کامیل عبداللە، زانکۆی هەڵەبجە بەشداریکرد لە یەکەم وۆرکشۆپی دەستپێکردنی پرۆژەی APPRAIS لە میانی پڕۆگرامی ئیراسمەس پڵەسدا.
لەو وۆرکشۆپە دوو رۆژیەدا، بە ئامادەبونی بەڕێز د. مەحەمەد حوسێن ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بەنوێنەرایەتی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و نوێنەرانی زانکۆ بەشداربوەکان، پرۆژەی APPRAIS بە شیوەیەیکی فەرمی خرایە بوای جێبەجێکردنەوە.
پرۆژەی APPRAIS لە چوارچیوەی پرۆگرامی ئیراسمەس پڵەس بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوامی دەبێت و پرۆژەیەکی گشتگیری ریفۆرمی تایبەت بە کەرتی خوێندنی باڵایە. تەوەرە سەرەکیەکانی پرۆژەکە بریتین لە پێشخستنی توانا مرۆییەکان و پەرەپێدانی بوارەکانی جێبەجێکردنى پێواژوی بۆلۆنیا و دڵنیایی جۆری و حوکمرانی باش لە سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕێگەى فەندى یەکێتى ئەورپا پرۆژەکە دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە بڕەکەی بریتیە لە یەک ملیۆن یۆرۆ.
لە رۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، د. بەرزان هادی حەمەکەریم بەڕێوەبەری پەیوەندیە ئەکادیمەیە نێودەوڵەتیەکان بابەتێکی تێروتەسەلی لەسەر بەرەوپێشچونە زانستی و مرۆیەکانی زانکۆی هەڵەبجە لە دە ساڵی تەمەنی زانکۆکەدا پیشکەش بە ئامادەبوانی وۆرکشۆپەکە کرد، پاشان سەرۆکی زانکۆ د. مەهاباد کامیل عەبدوڵا پیرۆزبای دەستپێکردنی پرۆژەکەی لەسەرجەم بەشداربوان کردو تەئکیدی کردوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی مەبەست و ئامانجەکانی پرۆژەکە لەپیشخستنی دامەزراوە زانستیەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و زانکۆی هەڵەبجە بە تایبەتی.
لە رۆژی دوەمی وۆرکشۆپەکەدا، بەشداربوانی پرۆژەی APPRAIS شێواز و کاتی هەنگاوە پراکتیککیەکانی چۆنێتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان بۆ سێ ساڵی داهاتوو خستەڕوو.

شایانی باسە بەشداربوانی پڕۆژەکە پێک دێت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چوار زانکۆی ئەوروپی کە بریتین لە (زانکۆی پیزا لە ئیتالیا، زانکۆی ئۆسلۆ لە نەرویج، زانکۆی موریکا لە ئیسپانیا، زانکۆی ئیڤۆرا لە پورتوگاڵ) زانکۆ بەشدارەکانى هەرێمى کوردستانیش بریتین لە زانکۆکانى (هەڵەبجە، سلێمانی، صلاح الدین، دهۆک، پۆلیتەکنیکی دهۆک، گەرمیان، زاخۆ، چەرموو).

 

Sharing is caring!