سێنتەری گەشەپێدان بۆ کار دوو بڕوانامەی پێزانین لە لایەن ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکیەوە وەردەگرێت

سێنتەری گەشثیدان بۆ کار (CDC) لە زانکۆی هەڵەبجە دوو بڕوانامەی پێزانین لە لایەن ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکیەوە وەردەگریت. لە پاش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگرتنی دەوام و سەرجەم چالاکییەکان لە نێو کەمپەسی زانکۆکاندا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ڕێکخراوی ئایرێکس دوو دەست پێشخەری خستە بەردەم سێنتەری گەشەپێدان بۆ کار لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان تا بتوانن ئەو بۆ شاییەی لە چالاکییەکاندا درووست بووە لە ڕێگەی چالاکی ئۆنلاینەوە پڕ بکەنەوە و بتوانن سوود لە کات و دەرفەتەکە وەرگرن و خوێندکاران لە کار و چالاکیەکانی سیدیسیەکان دانەبڕێن.
لە دەستپێشخەری یەکەمدا ڕێکخراوی ئایرێکس داوای ئەنجامدانی ٤ وێبینار(سیمیناری ئۆنلاین)ی لە سێنتەرەکان کرد بوو تا بتوانن خوێندکاران بە چەند بابەتێکی گرنگی بازاڕی کار ئاشنا بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بە دوونیای ئۆنلاین تێکەڵبکرێن، کە بەداخەوە تا هاتنی کۆڤید-١٩ زۆر بە کەمی بەکاردەهات. سێنتەری گەشەپێدان بۆ کار هەر زوو دەستپێشخەرییەکەی قبوڵکرد و توانی لە پاش بانگهێشتکردنی چەند کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموون شارەزا لە چەند بوارێکی جیاوازدا لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە، ١٠ وێبینار بە هەماهەنگی ئەمێریکان کۆرنەر ئەنجام بدات. سەرجەم وێبینارەکان بۆ ئاشناکردن و ئامادەکردنی خوێندکاران بوون بە بازاری کار. بەشداربووان لە کۆتاییدا بڕوانامەی هاوبەشی زانکۆی هەڵەبجە و ڕیکخراوی ئایرێکس و ئەمێریکان کۆرنەریان وەرگرت.
لە دەست پێشخەری دووەمدا ڕێکخراوی ئایرێکس پڕۆگرامی ڕاهینانی تواناکانی بە شێوازی ئۆنلاین ڕاگەیاند. دیسان سیدیسی زانکۆی هەڵەبجە توانی لەمەشیاندا بەشداری کارای هەبێت و لە ڕێگەی ١٥ خوێندکارەوە بەشداری پڕۆگرامەکە بکات. پاش تەواوکردنی پڕۆگرامەکە لە ئێستادا سەرجەم بەشدار بووە سەرکەوتووەکان بڕوانامەیان بۆ کراوە و لە نزیکرتین کاتدا پێشکەشیان دەکرێت.
ڕێکخراوی ئایرێکس ڕێکخراوێکی ئەمریکییە و لە بواری گەشەپێدانی پەروەردەدا کاردەکات. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٣ وەو دەستپێشخەری کردنەوەی سێنتەری گەشەپێدان بۆ کاری لە زانکۆ حکومییەکانی کوردستاندا کردووە و لەو کاتەوە لەگەڵ سیدیسی زانکۆکان لە کاردایە و دەیان خول و ڕا‌هێنان و وێرکشۆپی بۆ سەرجەم سێنتەرەکان ئەنجامداوە و بەردەوام پاڵپشتێکی کاریگەری سیدیسیەکان بووە.

هاوپێچ وێنەی ئیمەیڵ و بڕوانامەی پێزانین لەلایەن رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکیەوە.

 

Sharing is caring!