کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە ۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات

رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/١٢/٢٩ کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجەو رێکخراوی HWPL ی کۆریای باشور ۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتیان ئەنجامدا بە ناونیشانی (دووەمین کەمپینی لاوانی هەڵەبجە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان) کە تیایدا چوار رێبەری ئایینی (ئیسلام و کاکەیی) لە هەڵەبجەو (کریستیان و بوزی) لە کۆریا و بەشداری و هاوکاری خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بەشی زمانی ئینگلیزی ئێواران لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت و خوێندکارانی چەند زانکۆیەکی کۆریا .

لە سەرەتادا بەرێز (پ ی د. نەریمان عبداللە علی) راگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە وتەیەکیدا باسی لە گرنگی کاری هاوبەشی رێکخراوی HWPL و زانکۆی هەڵەبجەی کرد بە تایبەت سەبارەت بە ئاشتی وپێکەوەژیان، هەروەها ئەوەی خستە روو کە گەلی کورد میللەتێکی ئاشتیخوازەو لەم پێناوەشدا خەباتی زۆری ئەنجامداوە، دواتر دەرەنجام و رەهەندەکانی ئەم جۆرە چالاکیانەی لە ناوەندە زانستی و رۆشنبیریەکان و کۆمەڵگا بە گشتی خستە روو.
دواتر نوێنەری خوێندکارانی هەرچوار ئایینەکە باسیان لەو خاڵانە کرد کە وەک هەڵە تێگەیشتن لەلایەن خەڵکەوە لە ئایینەکانیان دەگیرێت.

پاشان رێبەری هەرچوار ئایینەکە باسیان لە بابەتی ئاشتی و پێکەوەژیان کرد لە ئایینەکانیان و وەڵامی ئەو هەڵە تێگەیشتنانەیان دایەوە کە لە ئایینەکانیان دەگیرێت.

لە تەوەرێکی تری ۆرکشۆپەکەدا خوێندکاران بەشدارییان کردو پرسیاریان ئاراستەی رێبەرانی ئایینەکان کردو گفتوگۆیان کرد لەبارەی ئاشتی وپێکەوەژیانەوە.
شایانی باسە بەرێز (د. رسول حسن رسول) سەرۆکی بەشی بنەماکانی ئایین وەک نوێنەری ئایینی ئیسلام بەشدار بوو، وە لەلایەن بەرێزیانەوە پانێڵێکی تایبەت بە پێکەوە ژیان و ئاشتی لە ئایینی ئیسلام پێشکەش کرا.

Sharing is caring!