وەزیرانی وەرزش و لاوانی عێراق و ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانکۆی هەڵەبجە بەسەر دەکەنەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (٢٠٢٠/١١/٢٧) عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و حمەی حمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد، لەلایەن ئازاد توفیق، پارێزگار و د.مهاباد کامل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ژمارەیەك بەرپرس و بەڕێوەبەرانی دیکەی ئیدارەی پارێزگاکەوە پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا سەردانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدیان کرد، دواتر زانکۆی هەڵەبجەیان بەسەرکردەوە، لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێجەکانی زانکۆ و ژمارەیەك لە مامۆستایانەوە بەگەرمی بەخێرهاتنیان لێکرا.
د.مهاباد کامل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند: شاری هەڵەبجە لەکرانەوەدایە، بۆیە پێویستە لەڕوی ئابوری، رۆشنبیری، زانستی و سەرجەم بوارەکانی دیکە هاوکاری بکرێت بەتایبەت لە بوارەکانی وەرزش، هەوڵ بدرێت وەك شارەکانی دیکەی عێراق خولەکانی پاڵەوانی تێدا بکرێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە هیوای خواست ئەم سەردانە تەنها بۆ یەکجار نەبێت و سەردانی دیکەی بەدوادا بێت.
لای خۆشیەوە، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق، بەڵێنی بە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەدا لە ساڵی داهاتودا و (٢٠٢١/٣/١٦) یادی کارەساتی کیمیایی بارانکردنی شاری هەڵەبجە، خولێکی گەورەی وەرزشی بکرێتەوە کە شایستەی شارەکەو یادەکەبێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا د.مهاباد لۆگۆی زانکۆی بە دیاری بەخشیە هەریەکە لە بەڕێزان عدنان درجال و حەمەی حەم سەعید .

 

Sharing is caring!