هەڵسەنگاندنی یاسایی ڕێكارەكانی دەستپێكردنی پرۆسەی خۆێندن لە زانكۆ حكومی وتایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2020- 2021

لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پەیوەست بەدەستپێكردن و ڕاییكردنی پرۆسەی خوێندن بەڕەچاوكردنی ڕێكارە خۆپارێزیەكان لە بڵاوبونەوەی  پەتای كۆرۆنا ( كۆڤید19)

  لەڕێكەوتی 12/10/2020 هەردوو كولێجی یاساو كارگێڕی زانكۆی هەڵەبجە و كۆلێجی یاسا زانكۆی جیهان -سلێمانی دوای كۆمەڵێك كۆبونەوەی ئامادەكاریی، هەستان بە ئەنجامدانی ۆركشۆپێك  لە ژێر ناونیشانی (هەڵسەنگاندنی یاسایی ڕێكارەكانی دەستپێكردنی پرۆسەی خۆێندن لە زانكۆ حكومی وتایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2020- 2021)) بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی یاساو ڕێنمایەكانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن و گونجاندن لە گەڵ ئەو باردۆخە نوێیانەی كە هاتونەتە پێش، لە پێناو ئامادەكردنی پرۆژە پێشنیاری پێوست بۆ دیاری كردنی ئەو یاسا و ڕێنمایانەی كە پێوستیان  بە  پێداچونەوە هەیە،  بە شێوەیەك بگونجێت لەگەڵ پرۆسەی خوێندن لە سەردەمی كۆرۆنادا لە ناوەندەكانی زانكۆدا، لە هەمان كاتدا چارەسەركردن دژكاریی لەنێو یاساو ڕینمایەكانی تایبەت بە خوێندن لە حاڵەتی ئاسایی پێشو و نائاسایی ئێستادا، هەروەها پڕكردنەوەی هەربۆشایەكی یاسایی لەڕێگەی پێشنیازكردن بۆ دەركردنی ڕێنمایی وچارەسەریی یاسایی پێوست دەربارەیان ، وكارەكانی ۆركشوپەكە بەسەر دوو تەوەرەدا دابەشەكرا وگفتوگۆیان دەربارە كرا :

تەوەرەی یەكەم : پێداچونەوە بە یاساو ڕێنماییەكانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندن :

–        خوێندنی دەرەوەی كەمپەس( ئەلكترونی) ، گونجاندنی لەگەڵ  یاسا بەركارەكانی پێشوو.

–        پێداچونەوە بەڕێنماییەكانی پێشوی تایبەت بە ئامادەبونی خوێندكاران، بە تایبەت لە باریتوشبونی بە پەتای كۆرۆنا كە پێوستی بە ماوەیەكی دیارینەكراو هەیە بۆ چارسەر.

–        دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ پرۆسەی خوێندن لە سەردەمی كۆرۆنادا لە پێناو دروست نەبونی بۆشایی یاسایی.

–        پێداچونەوە بە ڕێنمایەكانی میوانداری و گواستنەوەی خوێندكاران لە نێوان زانكۆكاندا ، وفراوانكردنی چوارچێوەی ئەو چارەسەرییە بەجۆرێك میوانداریەكە لە نێوان زانكۆ حكومی و تایبەتیەكانیش بگرێتەوە.

–        پێداچونەوە بە ڕێنماییەكانی تاقیكردنەوەكان، كەڵك وەرگرتن لە كەموكورتیەكانی تاقیكردنەوە بە شێوەی پێشكەشكردنی ڕاپۆرت كە بۆ تاقیكردنەوە كۆتاییەكانی ساڵی خوێندنی 2019-2020 پەیڕەو كرا، لە بارێكدا گەر نەتوانرا تاقیكردنەوەكان لە ناو كەمپەس ئەنجامبدرێن.

–        پێداچونەوە بەڕێنماییەكانی تایبەت بە پرۆسەی دڵنیایی جۆریی خوێندن بەڕەچاوكردنی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستیەكان تێیاندا.

–        پێداچونەوە بە پێدانی بەشی ناوخۆیی بە خوێندكاران بە شێوەیەك لە گەڵ ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستیەكان بگونجێت

 تەوەری دووەم : ئەو ئەگەرانەی پێوستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە:

–        توشبونی مامۆستای بابەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاردان لە سەر پەكنەكەوتنی پرۆسەی خوێندن

–        توشبونی خوێندكار بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە حاڵەتی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم.

–        ڕەچاوكردنی باردۆخی خوێندكاران لە بەشەناوخۆیەكاندا.

ئەم تەوەرانەو چەندین تەوەرەی تر خرانە بەرباس وگفتوگۆی چڕ وپڕەوە وپێشنیاز و ڕاسپاردەی پێوستیان لە بارەوە تاوتوێكران ، ولەكۆتایشدا بڕیاردرا لە سەر پێكهنانی لیژنەیەك لە نێوان هەردوو كۆلێج بۆ نوسینەوەی پێشنیاز و ڕاسپاردەكان وەك پرۆژەیەك ئامادەبكرێت و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی بكرێت .

Sharing is caring!