سێنتەری گەشەپێدان بۆ کاری زانکۆی هەڵەبجە لەگەڵ ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکیدا پڕۆگرامی (Micro-Internship) بۆ خوێندکارانی زانکۆی ‌هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت

سێنتەری گەشەپێدان بۆ کار (CDC) لە زانکۆی هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکیدا هەڵدەسێت بە ڕاگەیاندنی پڕۆگرامی (Micro-Internship) بۆ خوێندکارانی زانکۆی ‌هەڵەبجە.
* پڕۆگرامی (Micro-Internship) چییە؟
ئەم پڕۆگرامە بریتیە لە پرۆژە یان چەند ئەرکێکی دیاریکراو کە کۆمپانیا یان رێکخراوی دیاریکراو دەیدات بە خوێندکار و خوێندکاریش لە ژێر سەرپەرشتی سەرپەرشتیارێکدا کارەکە بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدەدات. واتە خوێندکار سەردانی کۆمپانیا ناکات و ئەو ئەرک و پڕۆژەی پێیدەسپێردرێت یان ئەو خولەی بەشداری تێدا دەکات لە ماڵەوە بە ئۆنلاین ئەنجامی دەدات . ئەم پڕۆگرامە وەک بەدیلێک بۆ پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان کە خوێندکاران دەچوونە کۆمپانیاکان، جیبەجێ دەکریت. بەڵام ئەمەیان بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین جێبەجێ دەکرێت.
* چەند هەلی بەشدار بوون هەیە و لە کوێن؟
* بۆ ئەم پڕۆگرامە ١٤ هەلی بەشدار بوون لە دوو شوێنی جیاواز ڕەخساوە بۆ خوێندکاران:
1- کۆمپانیای ئاسیا سێڵ لە سلێمانی ١٠ هەلی بەشداری کردنی بەخشیوە بە (CDC) زانکۆی هەڵەبجە تەنها خوێندکارانی بەشی کۆمپیوتەر دەتوانن سوود لەم دەرفەتەکە وەرگرن چونکە ئەو بابەتانەی کاری لەسەر دەکەن پەیوەندیدارە بە تێلیکۆمیونیکەیشن و بنەڕەتەکانی (GSM) ەوە. بەشدار بووان بۆ ماوەی ٢ هەفتە خول و ڕاهێنانی ئۆنلاینیان بۆ دەکەنەوە لەسەر (an overview on telecommunication industrial and GSM Fundamentals.). خوێندکار پێویستە ئارەزووی لە بابەتەکە هەبێت و پابەندی تەواوی پڕۆگرامەکە بێت لە ماوەی دیاریکراودا.
2- ڕێکخراوی نوێ لە ‌هەڵەبجە چوار هەلی بەشداری کردی بۆ ڕەخساندووین کە ماوەی ٤ هەفتە دەخایەنێت، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
– ٢ خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی بۆ وەرگێڕان. خوێندکار دەبێت توانای لە وەرگێڕاندا باش بێت و ئەرکەکشی بریتی دەبێت لە وەرگێرانی ڕاپۆرتی و پیداچوونەوە بە وەرگێڕاندا.
– ١ خوێنکار بۆ گرافیک دیزاین: ئەمەیان گرنگ نییە لە چی بەشیک بێت، ئەوەی گرنگە توانا و لێهاتووی خوێندکارە لە گرافیک دیزایندا.
– ١ خوێندکار لە بەشی ڕاگەیاندن. ئەرکی بەشداربوو بریتی دەبێت لە داڕشتن و نوسینی هەواڵ و ڕاپۆرت.

* ئایا خوێندکار پێویست دەکات شارەزایی زۆر باشی لەم بابەتانەدا هەبێت؟
نەخێر پێویست ناکات شارەزایی باشی هەبێت بەڵام دەبێت بەشدار بوو زانیاری و توانایەکی سەرەتایی لە بوارەکەدا هەبێت و ئەم دەرفەتە هاوکار بێت بۆ پەرەپێدانی ئەو شارەزاییە و وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر.
* سوودەکانی بۆ خوێندکار چییە؟
خوێندکار لە ماوەی دیاریکراودا لە ئەو ئەرکانەی جێبەجێی دەکات بەرەوپێش چوونی باش بەخۆوە دەبینێت و ئەزموونی زیاتر پەیدادەکات. هەروەها لە ژێڕ سەرپەرشتیاردا کارەکانی ئەنجام دەدات کە هاوکار دەبن بۆ ڕاستکردنەوەی هەر هەڵەیەک ئەگەر هەبوو. دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی بەشدار بوو لە بوارەکەی خۆیدا.
* ئایا ىڕوانامەی هەیە؟
بەڵی ئەوانەی بە سەرکەوتووی ماوەی پڕۆگرامەکە تەواو دەکەن لەلایەن ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکییەوە بڕوانامەیان پێشکەش دەکرێت.
تکایە ئەوانەی ئارەزوومەندن دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە فۆرمی داواکاری پێشکەش بکەن.
دواکات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشکەشکردن ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٩/١٦ کاتژمێر ١٠:٠٠ ی شەو دەبێت.

https://docs.google.com/…/1FAIpQLScJqCEDv23PvWDW7…/viewform

Sharing is caring!