دوایین بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بارەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆ و پەیمانگاكان

مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیانی ئازیزی زانكۆكانی كوردستان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، سەرەتا لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانتان لێدەكەم، هیوای تەندروستی باش بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم و هەروەها هیوام وایە كوردستانەكەمان بەرەو ئارامی و سەقامگیری ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی زیاتر هەنگاو بنێت.

وەك دەزانن بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای گشتگیری كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و ڕێكارە خۆپارێزیەكان و گرفت و قەیرانی ئابوری ، هەرێمەكەمان بە قۆناغێكی دژواردا تێپەڕ دەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم قۆناغەدا هەوڵی داوە بە رەچاوكردنی دۆخی ئابوری و سایكۆلۆجی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران و پاراستی بەرژەوەندی گشتی چارەسەری واقیعی و گونجاو بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ بدۆزینەوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی ئازیز و فەرمانبەرانی زانكۆكانی كوردستان بكەم كە لەم قۆناغەدا سەرباری قەیران و گرفتەكان توانیان بە گیانی لە خۆبردوویی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی هاوكاری پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ بكەن.

وەك پێشتر لە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارمان دابوو كە ئەگەر دۆخی تەندروستی هەرێمەكەمان لەبار بێت ئەوا لە ٢٠٢٠/٥/٣١ دەرگای كامپەسی زانكۆكان بكەینەوە و بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندنی بدەین، بەڵام بەداخەوە دواگۆڕانكاریەكانی دۆخی تەندروستی و ڕێنمایی و ڕاپۆرتەكانی دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی پێمان دەڵێن كە لە ئێستادا ناتوانین دەرگای كامپەسەكانی خوێندن بكەینەوە، بەتایبەت قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆكان لە شار و شارۆچكە و شوێنە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە دێن و لە نێو بەشە ناوخۆییەكاندا نیشتەجی دەبن، هەر بۆیە لەئێستادا گەڕانەوەیان بۆ نێو كامپەس و بەشە ناوخۆییەكان مەترسی بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری ئەم پەتایە دروست دەكات، لەم چوارچێوەیەشدا دوای ڕاوێژ و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت ، لە كۆبونەوەی ژمارە (٨)ی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە لەڕێكەوتی ٢٠٢٠/٥/٢٦ بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام درا ، دوای تاوتوێ كردنی دواگۆڕانكارییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە درا :

بڕگەی یەكەم: ئەو زانكۆیانەی كە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەكەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:

1. ئەژماركردنی هەموو ئەو كریدیتانەی كە خوێندراوە و تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠). 2. ئەو كریدیتانەی كە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەكرێت بەسەر سیمیستەرەكانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەكانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونكە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماكانی كۆكردنەوەی كریدیت.

بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی كۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەكرێت:

1. هەموو بەشەكان (زانستییەكان و مرۆڤایەتییەكان) ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

2. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە لە ئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرنەچوون یاخود تاقیكردنەوەیان نەكردوە، ئەوا زانكۆكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میكانیزمێكی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران بگەڕێنەوە نێوكامپەسی زانكۆكان.

3. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە بەئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرچوون ئەوا سەرپشكن كە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی كە بە ڕاپۆرت و میكانیزمەكانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت نمرەكانی بەرزبكاتەوە لە پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی.

4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە كۆتاییەكان ئەوا نمرەكان دابەش دەكرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەك مامۆستای تری هاوپسپۆر كە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە ئەنجام ئەدات.

5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

 

بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانكوكان بۆ دارشتنی ووردەكاری جێبەجێكردن لەپێناو ڕەچاوكردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانكۆكان.

بڕگەی چوارەم: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەكەن. بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەكانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.

 

لە كۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەركەوتن بۆ یەكەبەیەكەی خوێندكاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایك و باوك و كەسوكاری بەڕێزیان دەكەم كە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەكانیاندا ماندوو بوون و درێغییان نەكردوە، هەروەها جارێكی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان دەكەم كە هەمیشە لە پێناو خزمەتكردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەكانی نیشتیمانەكەماندا درێغیان نەكردوە. لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك.

 

د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ٢٠٢٠/٥/٢٦

 

Sharing is caring!