کاریگەری هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئەزیثرۆمایسین لە چارەسەری COVID-19

ئامادەکردنی: ڕێناس ولی مصطفی*

Food and Drug Administration  (FDA) کە دەزگایەکی فیدڕالی ئەمەریکیە و لێپرسراوە لە پاراستن و بەرزکردنەوەی تەندروستی گشتی لە ڕێگای کۆنترۆڵکردن وچاودێریکردنی سەلامەتی بەرهەمە خۆراکییەکان ودەرمان و پێداویستی پزیشکی و ڤاکسین و هەروەها خواردەمەنی ئاژەڵ و ئەوپێداویستیانەی لە ڤێتەرنەری بەکاردێن، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی دوو دەرمانی دژە مەلاریای وەک هایدرۆکسی کلۆرۆکوین  (Hydroxychloroquine) ،یان هەر دەرمانێکی تری پەیوەندیدار بە كلۆرۆکوین و ئەزیثرۆمایسین (Azithromycin) وەک چارەسەری لەناکاوی COVID-19. بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەکی فەرەنسی کە لە گۆڤاری پزیشکی فەرەنسی  (French Medical Journal)بڵاوبوەتەوە، بەڵگەیەکی نوێی خستوەتەڕووئەویش ئەوەیە کە ‌هایدرۆکسی کلۆرۆکوین  یارمەتیدەر نیە لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش و پاککردنەوەی لەش لە COVID-19. ئەم توێژینەوە پاش ئەو دوو توێژینەوانە ئەنجامدرا، یەکێکیان لەچین و ئەویتریان لە فەرەنسا، کە بڕوایان وابووبەکارهێنانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئەزیثرۆمایسین سودی دەبێت لە چارەسەرکردنی هەڵگرانی COVID-19 کە هێشتا نیشانە قورسەکانی ڤایرۆسەکایان تێدا دەرنەکەوتووە.

بە بڕوای هەندێک لە زانایان و شارەزایانی بواری تەندروستی گرنگییەکی پێش وەختەی زیاد لە پێویست دراوە بە دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین، پێش ئەوەی بەڵگەی تەواو بخرێتەڕوو لە پیشاندانی ڕۆڵ و کاریگەری دەرمانەکە لەچارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە لەسەر تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وهەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەوکاریگەرییە نەرێنییانەی لەپاش بەکارهێنان بەجێیدەهێڵێت.  پێشتریش هەندێک توێژینەوەی دیکە ئەوەیان پیشانداوە کە ئەم دەرمانە کاریگەری نیە لە چارەسەرکردنی COVID-19 و نەخۆشیە ڤایرۆسیەکانی ترو تەنها هیوایەکی هەڵە دەبەخشێتە تووشبوانی COVID-19 سەبارەت بە چارەسەربوونیان. لە لایەکی تریشەوە ئەم زۆر بەکارهێنانەی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین بۆتووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆکاری کەمبونەوەی دەرمانەکە بۆئەو نەخۆشانەی کە ‌هەڵگری نەخۆشییەکانی مەلاریاو سیلی پێست و ڕۆماتیزمی جومگەن، کە پێشتر پشتڕاستکراوەتەوە و بە توێژینەوە سەلمێنراوە کە هایدرۆکسی کلۆرۆکوین دەرمانی چارەسەری ئەم ناخۆشیانەن.

بیرۆکەی بەکارهێنانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین لەگەڵ دەرمانێکی ئەنتی بایۆتیکی وەک ئەزیثرۆمایسین وەک چارەسەری COVID-19 زیاترگرنگی پێدراو کاریگەرتر دەرکەوت لەدوای بە ئەنجامگەیاندنی توێژینەوەیەک لە فەرەنسا لە ١٧ ی ئازاری ٢٠٢٠ کە تیایدا تاقیکردنەوە لەسەر ٨٠ تووشبووی ڤایرۆسەکە ئەنجامدرا. هەرچەندە ئەنجامەکان دڵخۆشکەربوون و نەخۆشەکان چارەسەردەبوون، بەڵام دەبێت تێبینی ئەوەش بکرێت کەبارودۆخی زۆربەی نەخۆشەکان جێگیربوون و دەرکەوتنی نیشانەکان تیایاندا مامناوەند بوو، لەوەش زیاتر ٪٨٥ ی نەخۆشەکان پلەی گەرمی لەشیان جێگربوو و هیچ جۆرە حاڵەتێکی تا (Fever) لەناویاندا تۆمارنەکرابوو. هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا کە لە گۆڤاری medRxiv دا بڵاوکراوەتەوە هاتووە کە زانایانی چین لە زانکۆی ووهان بەهەمان شێوەی توێژینەوەکەی فەرەنسا دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوینیان بەکارهێنا بۆ ئەو نەخۆشانەی کەنیشانەکانی ڤایرۆسەکە تیایاندا مامناوەندە و هیج جۆرە کێشەیەکی تری تەندروستیان نیە. ئەنجامەکان دەریانخست کە ٣١ کەس لەوناخۆشانەی کە دەرمانەکەیان وەرگرتبوو ٢٤ کاژێر زووتر نیشانەکانیان تێدا کەمبووەوە بەبەراورد بەو کەسانەی کە دەرمانەکەیان وەرنەگرتبوو. لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەکانی هەوکردنی سی لە نێوان ٢٥ نەخۆشدا بەرەو باشتربوون ڕۆشتن پاش پێدانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین ، بە بەراورد بەو کەسانەی کە دەرمانەکەیان وەرنەگرتبوو کە ژمارەیان ١٧ کەس بوو لە کۆی ٣١ نەخۆش.

بەڵام دوو توێژینەوەی تر پێچەوانەی ئەو ئەنجامانەی سەرەوە دەوەستنەوە.

دوا بە دوای ئەو توێژینەوە و ئەنجامانەی سەرەوە، توێژینەوەیەکی دیکەی فەرەنسی تاقیکردنەوەی لەسەر ١١ نەخۆش ئەنجامداوە بە پێدانی هەردوو دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین- ئەزیثرۆمایسین لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا و ئەنجامەکان بە تەواوی جیاوازبوون لەوانەی پێشوو.لەم توێژینەوەدا هەمان ژەمە دەرمان (Dose) درا بە نەخۆشەکان بەهەمان شێوەی توێژینەوە فەرەنسییەکەی پێشوو، بەڵام لێرەدا ٨ لە نەخۆشەکان نەخۆشیەکانی تری وەک دڵ وسی و شەکرەیان هەبووکە دەبنە هۆی لاوازکردنی سیستمی بەرگری لەش (underlying health conditions)، هەروەها ١٠ لە نەخۆشەکانیش تایەکی بەرزیان هەبوو،و نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بە تەواوی تێدا دەرکەوتبوو. توێژەرەکان تێبینیان کرد کە دوای ٥-٦ ڕۆژ لە پێدانی چارەسەر بە هایدرۆکسی کلۆرۆکوین (600 mg per day for 10 days)و  ئەزیثرۆمایسین (500 mg on day 1 and 250 mg on days 2 to 5) هێشتا ٨ لەنەخۆشەکان پشکنینەکانیان بۆ COVID-19  ئەرێنی بوو (Positive COVID-19)، و یەکێکیان گیانی سپارد و یەکێکی تریشیان گوازرایەوە بۆ یەکەی چاودێری وورد (ICU). سەرەڕای ئەوەش، توێژینەوەیەکی دیکە لە چین پشتگیری ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوە فەرەنسییەکەی کرد، کاتێک بۆیان دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەک لە باری تەندروستی نەخۆشەکان ڕووینەداوە و بەرەوباشتربوون نەڕۆشتوون دوای وەرگرتنی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین بۆ ماوەی ٧-٨ ڕۆژ لە نێوان ئەو نەخۆشانەی کەتاقیکردنەوەیان لەسەر ئەنجامدرابوو.

سەرەڕای ئەوەی هەردوو دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئەزیثرۆمایسین وەک دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێن لە ئێستادا، پرسیارێک دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە ئایا بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بۆ هەموو تووشبوویەکی COVID-19 کاریگەر دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاترو وەرگرتنی سامپڵ بەشیوەیەکی هەڕەمەکی لە چەند وڵات و ناوچەیەکی جیاواز دەبێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا بڵاوبوەتەوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەشاری ووهان لە چین سەری هەڵدا و لەجیهاندا تا ئێستا زیاترلە ٣ ملێۆن حالەت تۆمارکراوە و لەنێویاندا ٢٠٧٩٠٦ حاڵەتی مردن هەیە، لە عیراقیش تائێستا ١٨٢٠  حاڵەتی تووشبوون و ٨٧ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

 

  • ماستەر لە کیمیای شیکاری،مامۆستا لە زانکۆی هەڵەبجە

References

Molina, J. M., Delaugerre, C., Goff, J. L., Mela-Lima, B., Ponscarme, D., Goldwirt, L., & de Castro, N. (2020). No evidence of rapid antiviral clearance or clinical benefit with the combination of hydroxychloroquine and azithromycin in patients with severe COVID-19 infection. Med Mal Infect, 30085-8.

Chen, J., LIU, D., LIU, L., LIU, P., XU, Q., XIA, L., … & QIAN, Z. (2020). A pilot study of hydroxychloroquine in treatment of patients with common coronavirus disease-19 (COVID-19). Journal of Zhejiang University (Medical Science), 49(1), 0-0.

Chen, Z., Hu, J., Zhang, Z., Jiang, S., Han, S., Yan, D., … & Zhang, Z. (2020). Efficacy of hydroxychloroquine in patients with COVID-19: results of a randomized clinical trial. MedRxiv.

Worldmeters(2020), Retrieved from https://www.worldometers.info/coronavirus/ (26 April 2020)

https://theconversation.com/a-small-trial-finds-that-hydroxychloroquine-is-not-effective-for-treating-coronavirus-135484

Sharing is caring!