بۆچی جیهان بۆڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ داخرا ، بەڵام بۆ سارس و مێرس و ئیبۆلا وا نەبوو؟

ئامادەکردنی: م. ڕێناس ولی مصطفی*

ڤایرۆس بریتییە لە کارایەکی پەتایی (درمی) قەبارە بچوکی پێکهاتە سادە، کە لە توانایدایە چەندجارە بێتەوە لە ناو خانە زیندووەکانی ڕووەک و گیانەوەر و بەکتریا. بە شێوەیەکی سروشتی ڤایرۆس پێکهاتووە لە DNA  یان RNA کە دەورەدراوە بە پەردەیەکی پڕۆتینی، بەگشتی قەبارەیان جیاوازە تیرەکەیان لە نێوان ٢٠ نانۆمیتەر بۆ ٢٥٠-٤٥٠ نانۆمیتەر دەبێت. گەورەترین قەبارەی ڤایرۆس پێوانەکرابێت تیرەکەی بە نزیکەیی ٥٠٠ نانۆمیتەر بووەو درێژیەکەی ٧٠٠-١٠٠٠ نانۆمیتەر بووە.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ یەکەم ڤایرۆس نییە کە توشی مرۆڤایەتی هاتبێت، بە تایبەتی لەدوو دەیەی ڕابردوودا جیهان ڕووبەڕووی ڤایرۆسی ئیبۆلا و سارس و زیاتر لە چەندجۆرێک پەتا و هەڵامەت بووەوە. هەریەک لەمانە کارەساتی گەورەیان بە دوای خۆیاندا هێنا و جێهێشت، بەڵام نەبوون بە هۆکاری دابڕانی کۆمەڵایەتی و بازرگانی وەستاندنی هەموو جۆرە جموجوڵێک لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا،بەڵام دەرکەوتنی کۆرۆنا و مەترسییەکانی ئەم بارودۆخەی بەسەر جیهاندا سەپاند.

 

ڤایرۆسی سارس و مێرس کوشندەبوون، بەڵام ئاسان بڵاونەدەبوونەوە

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٢، ڤایرۆسی سارس( SARS (Severe Acute Respiratory Syndrom کە بە (ٍSARS-CoV) ناسراوە، لەچین سەریهەڵدا. شارەزایان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی باوەڕیان وابوو کە ئەم جۆرەڤایرۆسە لە جۆرە ئاژەڵێکەوە (کە تا ئێستا نەسەلمێنراوە چ ئاژەڵێکە) پێشبینیکراوە لە شەمشەمەکوێرەوە گوێزرابێتەوە بۆجۆرێکی پشیلە(civet cats) ولەوێوە یەکەم حاڵەتی توشبون  لە هەرێمی گوانگدۆنی باشوری چین تۆمارکرا. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ سارس زیاتر لە ٢٦ وڵاتدا بڵاوبووەوە و ٨٠٩٨ کەس تووشبوون و ٧٧٤ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردن. هەرچەندە ڤایرۆسی سارس و کۆرۆنا هەندێ خاڵی لێکچوونیان هەیە، بەڵام هەمان دەرئەنجام و کاریگەرییان نییە، ئەمە سەرەڕای بەرزی ڕێژەی مردن لە سارسدا کە ٩،٦٪ بوو، بە بەراورد بە ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا کە بریتییە لە ١،٤٪ هەرچەندە ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی مێرس لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٣٤٪، بە جۆرێک لە نێوان ٢٥١٩ حاڵەتی توشبوندا تەنها ٨٦٦ حاڵەتی مردن تۆمارکراوە، بەڵام هێشتا ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ژمارەی مردوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا کەمترە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سارس و مێرس نەبوونە هۆکارو نەگەشتنە هەمان ئاستی تێکدان و قڕکردن وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا،جیهانیان کەرەنتینە نەکرد، چونکە بە ئاسانی ناگوازرێنەوە. هەردوو ڤایرۆسەکە لە مەودایەکی زۆر کورتر و بەر تەسکتردا بڵاودەبوونەوەو هۆکارەکانی بڵاوبونەوەیان سنوردارترە بەتایبەتی مێرس کە بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی مرۆڤ لەگەڵ حوشتر دەگوازرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو ڤایرۆسەکە لە کەسی توشبوودا (هەڵگردا) پێش دەرکەتنی نیشانەکان، نەدەبوونە هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکان. هەرلەبەر ئەوە کەسی توشبوو، لە مالەوە دەمایەوە یان دەخرایە ژێر چاودیری وردەوە و بەمەش ئاسانتر ڕێگە لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە دەگیرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ماوەی هەڵهاتن (incubation time) یان ماوەی دەرکەوتنی نیشانەکان بە گوێرەی ڤایرۆسەکان جیاوازە (خشتەی ژ.١ ببینە).

یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی مێرس (Middle East respiratory syndrome) ناسراو بە (MERS-Cov)  لە ساڵی ٢٠١٢ لە سعودیە دەستنیشانکرا و تا مانگی ٧ ی ساڵی ٢٠١٥ لە ٢١ وڵات حاڵەتەکانی هەبوونی ڤایرۆسی مێرس تۆمارکرا، پاشان بەم دواییانە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی توشبوان لە جیهاندا بە ڕێژەیەک تۆمارکراوە کە بەشی هەرە زۆری ئەم ژمارەیە تائێستا  لە سعودیە تۆمارکراوە کە تیایدا ٢١٢١ حاڵەتی توشبون و ٧٦٦ حاڵەتی مردن بووە.

 

ڤایرۆسی ئیبۆلا کوشندەیە، بەڵام ئاسان دەناسرێتەوە (بەتایبەت لە هەرێمی ئیبۆلا- *Ebola zone)

یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ساڵی ١٩٧٦ لە شوێنێکی نزیک لە ڕوباری ئیبۆلا، کە دەکەوێتە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، تۆمارکرا. لەو کاتەوە ڤایرۆسەکە ناوبەناو توشی مرۆڤ بووەتەوە، تا ئەوکاتەی حاڵەتەکان لە چەند وڵاتێکی ئەفریقا تەقینەوە.هەرچەندە زانایان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی تا ئێستا پشتڕاستیان نەکردوەتەوە کە سەرچاوەی درووستبوونی ڤایرۆسەکە چییە، بەڵام بەپشتبەستن بە سرووشتی ئەم ڤایرۆسە وهاوشێوەکانی، باوەڕیان وایە کە سەرچاوەکەی ئاژەڵ بووبێت، لە نێویشیاندا شەمشەمەکوێرە و مەیمون وشەمپانزی وهەندێ جۆری دیکەی ئاژەڵ.

بەهەمان شێوەی سارس و مێرس، ڤایرۆسی ئیبۆلا بە ئاسانی ناگوازرێتەوە، کەسانی هەڵگری ڤایرۆسەکە نابنە هۆکاری بلاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە هەتا نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوێت. نەک هەر ئەوەندە، بگرە ڤایرۆسەکە لە ڕیگای بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شلەی لەشی کەسێکی توشبوو وەک خوێن، میزو ئارەق دەگوازرێتەوە نەوەک بە بەرکەوتنی پژمینی کەسێکی توشبوو بە کەسێکی توش نەبوو.

نیشانەکانی ئیبۆلا قورستر و دیارترن کە بریتین لە تایەکی بەرز، هەستکردن بە ماندوێتی زۆرو پاشان  ڕشانەوە و سکچون. هەندێک لە زاناکان دەڵێن “ئەگەر ئەتەوێ ناوی هەندێ نەخۆشی بزانی، کە بڵاوبونەوەی کۆنترۆل دەکرێت و ڕێگاکانی تەشەنەکردنی بە توندی بەستراوە بە نیشانەکانیەوە، ئەوا دەتوانیت ڕاستەوخۆناوی سارس و ئیبۆلا بێنیت”.ئەم نیشانانەی ئیبۆلا زۆر یارمەتیدەربووە لە جیاکردنەوەی کەسانی توشبوو و پاراستنی کارمەندانی تەندروستی لە سنوردارکردنی ڤایرۆسەکە وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٦ ڕویدا. کە ئەمەش بە تەواوی جیاوازە بە بەراوردکردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە تەنانەت لە کەسی توشبودا هەندێجار نیشانەکانی زۆر بەکەمی تێدا دەردەکەوێت، یاخود هەندێ کەس دەکرێ هەڵگری ڤایرۆسەکە بن بە بێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەکی سەرەتایی و بەئاسانی بگوازرێتەوە وببێتە هۆکاری توشبون و تەنانەت مردن لەوکەسانەی کە سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە.

ڤایرۆس ماوەی هەڵهاتن (حاڵەتی نمونەیی)
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ Novel Coronavirus (COVID-19) ٢-١٤ یان ٠-٢٤ ڕۆژ**
سارس (SARS) ٢-٧ ڕۆژ (لەوانەیە بگاتە ١٠ ڕۆژ)
مێرس (MERS) ٢-١٤ ڕۆژ (تێکڕا ٥ ڕۆژ)
ئیبۆلا (Ebola) ٢-٢١ ڕۆژ

خشتەی ژ.١: بەراوردی نێوان ماوەی هەڵهاتنی جەند جۆرێکی جیاوازی ڤایرۆس.

*هەرێمی ئیبۆلا- Ebola zone: وڵاتانی باشوری ئەفریقا دەگرێتەوە وەک غینیا، لیبیریا، سیرالیون.

**خەمڵاندن (بە تەواوی نەسەلمێنراوە).

 

  • مامۆستا لە بەشی فیزیا، کۆلێجی زانستی زانكۆی هەڵەبجە

 

سەرچاوەکان:

Kaleigh R, 14 April 2020, Why Did The World Shut Down For COVID-19 But Not Ebola, SARS Or Swine Flu? Retrieved from https://fivethirtyeight.com (15 April 2020) /

Worldmeters(2020), Retrieved from https://www.worldometers.info/coronavirus/ (15 April 2020)

World Health Organization (2020) Retrieved from https://www.who.int/ith/diseases/sars/en/(15 April 2020)

Encyclopedia Britannica (2020) Retrieved from https://www.britannica.com/science/virus/ (15 April 2020)

Sharing is caring!