پاش نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ۲٠۱۹/۱۱/٥ ، بەڕێز (پ.ی.د مهاباد کامل عبداللە) سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و سەرپەرشتیاری بەشە ناووخۆییەکان، سەردانێکی مەیدانی بەشە ناوخۆیی کچانی زانکۆیان کرد لە بناری عەبابەیلێ بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانی خوێندکاران و گوێگرتن لە کێشەو کەم وکووڕییەکانیان و چارەسەرکردنیان وەک ئەرکێکی بەرپرسیارانە یاخوود دەستە خوشکانە و دایکانە.
لە دانیشتن لەگەڵ هەندێک لە خوێندکاران سەرۆکی زانکۆ ووتی (لە هەر کات و ساتێکدا من ئامادەی گوێگرتنم لێتان و وەکوو هاورێ و خوشک و دایک پێکەوە هەر کێشەیەک و کەم وکوورتیەک هەبێت چارەسەری بۆ ئەدۆزینەوە و ئێوەش بە چاوی بەرپرسانە بەشە ناووخۆییەکان بپارێزن چونکە هیچ شتێک بەئاسان بەدەست نەهاتووەو نایەت و لە پێناویدا کەسانێک هەوڵی بەردەوام ئەدەن تا ڕێگەنەدەن ئێوە ساڵەکانی خوێندنتان بە ناخۆشی بەسەر ببەن لە پێناو خۆتان و نەوەکانی ئێوە کە دێنە ئێرە لە داهاتوودا بیپارێزن).
خوێندکارانیش سووپاسی سەرۆکی زانکۆو فەرمانبەران و ستافی بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەکەیان کرد کە بەردەوام وەک هاوڕێ و دۆست لەگەڵیان هاوکار ئەبن . بەڕێز سەرۆکی زانکۆ لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەشە ناخۆیی کوڕان دەکات.


