سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەشداری دووهەمین پرۆژەی تایگرس دەکات

ڕۆژی یەك شەممە ڕێکەوتی ٢٠١٩/١٠/٦ دووهەمین کۆنفرانسی پرۆژەی تایگرس ( بەرەو بنیادنانی ستراتیجی بۆ خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان _ عێراق ) بەئامادەبوونی ژمارەیەك سەرۆك زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی و نوێنەری دامەزراوە ئەوروپیەکان لە شاری سلێمانی پێشکەش کرا.
هەروەها پ.ی.د.مهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆ بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.
سەرەتا د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ووتارێکی پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە کە بەهێزکردنی ڕەهەندی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەستراتیژە گرنگەکانی چوار ساڵی کارکردنی.
لەچوارچێوەی پرۆگرامی تایگرس د.پۆڵا خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستان بۆ دیراساتی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی زانستی لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێکردنی پرۆژەی تایگرس بۆ داڕشتنی ستراتیژی خوێندنی باڵای کوردستان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
لە کۆنفرانسی پرۆژەی تایگرس زانکۆی هەڵەبجە وەك بەشداربوویەکی کۆنفرانسەکە سیمیناری خۆی لە ستراتیژیەتی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆی هەڵەبجە پێشکەش کرد.
سیمینارەکە لەلایەن سازان صلاح سابیر پێشکەش کرا و تیایدا ئاماژەی کرد بەکارکردنی زانکۆی هەڵەبجە لەسەر ستراتیژیەت، وە هەروەها زانکۆی هەڵەبجە بەشێوەی پۆستەرات بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد.
جێگەی ئاماژەیە لەڕێگەی پرۆگرامی تایگرس ١٠ زانکۆو دامەزراوەی هەرێمی کوردستان و ٥ دامەزراوەی ئەوروپی هەماهەنگی دەکەن بۆ فراوانکردنی ڕەهەندی بەنێودەۆڵەتی کردنی زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان.

 

Sharing is caring!