كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور لە زانكۆی هەڵەبجە كرایەوە

لە دووتوێی فراوانبونەكانیدا و لە مەراسیمێكی بە شكۆدا كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور لە زانكۆی هەڵەبجە كرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 2019/9/4 بە ئامادەبوونی پ.ی.دانا عبدالله طاهر سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ قایمقام و سەرۆكی شارەوانی قەزای شارەزوور و كادیرانی حیزبی و حكومی و هاوڵاتیانی ناوچەكە كۆلێژی پەروەردەی شارەزور كرایەوە .

دەسپێكی مەراسیمەكە خولەكێك وەستان بۆ گیان شەهیدان دەستی پێكرد ، پاشان بەڕێز د.ئەحمەد میرە ڕاگری كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بە وەكالەت بەناوی ڕاگرایەتی كۆلێژی وتەی بەخیرهاتن و سوپاسی پێشكەش كرد. دواتر سەرۆكی زانكۆ لە وتەیەكدا بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و پیرۆزبایی لە ستافی زانستی و كارگێڕی كۆلێژەكە و ناوچەكە كرد بە بۆنەی كردنەوەی ئەو كۆلێجە و بە هەنگاوێكی زانستی مەزن و خزمەتێك بۆ ناوچەكە باسی كرد. ئاماژەی بەوەكرد كە كردنەوەی ئەو كۆلێجە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكایەتی و زانكۆی هەڵەبجەیە لە پێناو زیاتر فراوانكردنی زانكۆكە و گەشەدان بە ئاستی زانستی یە لە دەڤەرەكەدا.

وتەی قایمقامیەتی شارەزوور لەلایەن حاكم ڕزگار میقداد قایمقامی شارەزور پێشكەش كرا و دڵخۆشی خۆی بەبۆنەی كردنەوەی ئەو كۆلێجە دەربڕی و سوپاسی زانكۆی هەڵەبجە و هەموو ئەو كەسانەی كرد كە ڕۆڵیان گێڕاوە لە فراوانكردنی بەشی كوردی شارەزوور و كردنەوەی بە كۆلێج. هاوكاریەكانی قایمقامیەتی قەزای شارەزوووری بۆ كۆلێجەكە دووپات كردەوە ، هەر بە بۆنەی كردنەوەی كۆلێجەكە (90) كتێب و سەرچاوەی زانستی لە بوارە جیاجیاكاندا پێشكەشی كتێبخانەی كۆلێج كرد.

وتەی كۆمەڵەی خوێندكاران لەلایەن كاك سەرتیپ سكرتێری كۆمەڵةی خوێندكارانەوە خوێندرایەوە پیرۆزبایی كردنەوەی كۆلێجەكەی لە هەموولایەك كرد . بەشكۆوە كۆتایی بە مەراسیمی كردنەوەی كۆلێژەكە هات .

كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور بەنوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ، ژمارە ( 4 / 5419) لە (10 / 4 / 2019)، تایبەت بە کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور و بەشی باخچەی مناڵان ، و بە فەرمانی زانکۆیی زانکۆی ھەڵەبجە، ژمارە (2 / 5 / 2642) لە (23 / 7 / 2019)، تایبەت بەھەمان بابەت،  فەرمانی كردنەوەی بۆ دەرچووە و ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا كرایەوە.

 

 

Sharing is caring!