زانکۆی هەڵەبجە بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو کار بەسیستمێکی نوێی خوێندن بکات

   سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ۳ ـ ۷ ـ ۲۰۱۹ بەسەرپەرشتی پ.ی.د.تحسین عبدالکریم زەنگنە سەرۆکی زانکۆ و بەبەشداری سەرجەم راگرو سەرۆک بەش و بەشێک لە مامۆستایان کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆ بەڕێوەچوو.

   لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ دوپاتکردەوە لەمەڕ ئەو هەوڵ و ماندوبونانەی کە بۆ پیشخستنی زانکۆ گرتویانەتە بەر. هەروەك  مەبەستی کۆبونەوەکەی لەچەند خاڵێکدا بۆ ئامادەبووان رونکردەوەو رایگەیاند کە “مەبەست لەم کۆبونەوەیە پلاندانانە بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی ۲۰۱۹ ـ ۲۰۲۰ و دانانی ستراتیژێکی نوێیە بۆ بەڕێوەچون و جێبەجێکردنی سیستەمی نوێی خوێندن و گۆڕینی سیستەمی ئێستا بە سیستەمی (بۆڵۆنیا پرۆسێس).

   هاوکات سەرۆکی زانکۆ بڕیاریدا بەدروستکردنی بۆردێک بۆ ئەنجامدان و جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەو ئەنجامدانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی نوێی خوێندن دا بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن.

   دواتر و لەبەڕێوەچوونی کۆبونەوەکەدا پ.ی.د.دانا عبداللە جێگری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا تیشکی خستە سەر گرنگی سیستەمی نوێی خوێندنی زانکۆ و باسی لەئامادەکاریەکان کرد کە بۆ ئەو مەبەستە دەستیان پێکردووە.

Sharing is caring!