وتاری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆدا

بەناو خوای گەورەو میهرەبان
میوانە بەرێزەکان هەموو لایەك بەخێربێن بەسەرچاو
سڵاوی زانستان لێبێت..
بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجەوە بەخێرهاتنی گشت لایەك دەکەین بۆ کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی (زانستە مرۆڤایەتیەکان بنچینەی گۆڕانکاری و داهێنانن لەکۆمەڵگادا) کە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆمان ئەنجامیدەدات، بەهیوای ئەوەی بتوانین کەشێکی ئەکادیمی و زانستی برەخسێنین کە جێگای رەزامەندی و سودمەندی هەموو لایەك بێت و پرۆگرام و توێژینەوەو گفتوگۆی نێو ئەم کۆنفرانسە خزمەت بە بواری زانستە مرۆڤایەتیەکان بکات و کاریگەریی راستەوخۆی هەبێت بۆ پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجەو کوردستان بەگشتی.
بەڕێزان وەك هەموو لایەك ئاگادارن کە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وەك پرۆژەیەکی چاکسازی و ریفۆرمی درێژخایەن سەرقاڵی پێداچونەوەو داڕشتنەوەی پرۆگرامەکانە ئەم پرۆسەیەش خۆی دەبینێتەوە لە چاکسازی لە پرۆگرامەکانی خوێندن، گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاران، کردنەوەی سەنتەرەکانی پیداگۆجی و بەستنی چەندین کۆنفرانس و دیدارو دیبەت بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە لە زانکۆی هەڵەبجە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ئەم پرۆژەی چاکسازییەین.
ئێمە لە زانکۆی هەڵەبجە لە باردوخێکی تایبەتداین، بەهۆی ئەوەی کە زانکۆیەکی نوێن بۆیە لە قۆناغی بونیادنانی ژێرخانی کارگێڕی و زانستی و دروستکردنی پایە سەرەکیەکانی زانکۆین کە بریتیە لە بینای کۆلێج و کەمپی زانکۆو بەشەناوخۆیی و پێداویستیە بنەڕەتیەکانی کۆلێجەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی زانکۆمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی جددیمان داوە بۆ بایەخدان بە بواری زانستی و ئەکادیمی، لەو مەیدانەشدا کارو چالاکی زۆرمان ئەنجامداوە، ئەم کۆنفرانسە زانستیە نێودەوڵەتیەی ئەمرۆ شاهیدی ئەم وتەین.
بەڕێزان لەماوەی ڕابردودا بەهاوکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو پشتیوانی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا بەڕێز (د.یوسف گۆران) هەوڵمان داوە پێداوێستی زانستی و کارگێڕیەکانی زانکۆ دەستەبەر بکەین، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین کارو پرۆژەی گرنگ ئەنجامدراون لەوانە: کردنەوەی کۆلێژێك و سێ بەشی زانستی کە رۆڵی گرنگ دەبینن بۆ خزمەت کردنی خوێندکارانی پارێزگای هەڵەبجەو دەوروبەری کە بریتین لە بەشەکانی (ڕاگەیاندن، باخچەی منداڵان، بازرگانی نێودەوڵەتی)، هەروەها دروستکردنی تاقیگەی رۆبۆتیك بۆ کۆلێژی زانست و دوو تاقیگە بۆ بەشی ئەندازیای بیناکاری، سەرەڕای بەئەلیکترۆنی کردنی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆمان و کردنەوەی خولەکانی زمانی فارسی و زمانی ئینگلیزی، وە هاندانی بەردەوامی مامۆستایانی زانکۆمان بۆ نوسینی توێژینەوەی زانستی و پاداشتکردنیان لەم بوارەدا، وە ئەنجامدانی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ حەوت زانکۆ و پەیمانگای نێودەوڵەتی وە سەوز کردنی کەمپی زانکۆ لەڕێی ناشتنی (١٣٠٠) نەمام و سەوز کردنی کەمپی زانکۆمان و چارەسەرکردنی گرفتی دوو بینای نمونەیی لە کەمپی زانکۆمان و دروست کردنی سیاجی روی پێشەوەی کەمپی زانکۆ بەشێوەیەکی سەردەمیانەو ئەنجامدانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی (٣١ هەزار) کتێب بۆ زانکۆمان کە ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە بەرز ڕاگرتنی کردنەوەی رێزبەندی نیشتمانی و نێودەوڵەتی زانکۆمان، وە ئەنجامدانی خولی نێودەوڵەتی لە بواری پەروەردەی جەستەیی و ئایرۆبیك و گواستنەوەی خوێندکاران لە چواردە باڵەخانەی کرێوە بۆ ناو بینای زانکۆ ئەمەش لەسەر داهاتی خۆمان، وە ئامادەکردنی هۆیەکانی گواستنەوە لەلایەن زانکۆمانەوە بۆ کاندیدانی ماستەرو دکتۆرای پارێزگای هەڵەبجە بۆ شاری سلێمانی، ناردنە دەرەوەی (١٩) مامۆستا و فەرمانبەر بەمەبەستی تەواوکردنی خوێندنی باڵا، هێنانی (پێنج مامۆستای نێودەوڵەتی) بۆ وتنەوەی وانە لە زانکۆمان، هاندانی دارایی و پشتگیری کردنی مامۆستایانی زانکۆمان بۆ ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتیە ئاستەبەرزەکاندا.
لە سەرەتای دروستبوونی زانکۆی هەڵەبجەوە تەنها ئەم بەڕێزو لایەنانە هاوکاریی زانکۆیان کردووە، بەڕێز رێکخراوی هیوا فاوندەیشن لە ساڵی ٢٠١٤ بڕی (20,000 دۆلار) کەلوپەلیان بۆ زانکۆمان کڕیوە، لە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێزان کاك ئاسۆ بامۆکی و کاك سیروان بارزانی هەریەکەیان بە بڕی (10,000 دۆلار) هاوکاری زانکۆیان کردووە، بەڕێز (کاك فاروقی ملا مستەفا) بە بڕی (٥٠ ملیۆن) دینار و کاك ئاسۆ بامۆکی بە بڕی (١٣ ملیۆن دینار) و بەڕێزان (کۆمپانیای باڵا) بە دروستکردنی گەراجێك هاوکارمان بووە، هەروەها کەسایەتی دیاری پارێزگای هەڵەبجە (شێخ تایەری شێخ عزالدین) هاوکاری زانکۆمان بووە.

بەڕێزان یەم خزمەتەی کە ئەنجادراون بۆ زانکۆی هەڵەبجە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانمان زانیوەو دڵنیاتان دەکەینەوە بەردەوام دەبین، وە پلانی تۆکمە و تایبەتمان داناوە بۆ زیاتر خزمەتکردن و بەرەوپێشچوونی زانکۆمان. وە ئێستا دەتوانین بڵێین زانکۆمان تەنها کێشەی کەمی ستافی وانە وتنەوەی هەیە، کە ئەویش جەنابی وەزیری خوێندنی باڵاو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنیان داوە.
ئامادەبووانی بەرێز … جێگای خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەین کە لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەدا ماندوو بوون، بەتایبەت سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس و لیژنەی زانستی و سەرجەم لیژنەکانی تر، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازین. هەروەها سوپاسی سەرجەم توێژەرانی بەشداربووی ئەم کۆنفرانسە دەکەین، لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئومێدمان وایە کۆنفرانس بەچەند دەرەنجام و راسپاردەیەکی گرنگ کۆتایی پێبێت کە خزمەت بە بوارەکانی زانستە مرۆڤایەتیەکان و ناوچەکە بکات. دوبارە بەخێرهاتنی هەموولایەك دەکەین… هەرشادو سەرکەوتوو بن.

Sharing is caring!