لە هەڵمەتی گهورهی كۆكردنهوهی ۳۱۰۰۰ کتێب بۆ ڕۆحی پێنج هەزار شەهیدو لە ژێر دروشمى “دۆستانى کتێب” خوێندکارانى زانکۆی سلێمانی زیاتر لە ۱۰۰۰کتێب بۆ زانکۆی هەڵەبجـە کۆدەکەنەوە.
خوێندکارانی قۆناغەکانی دوەم و سێیەمی بەشەکانى “ژمیریارى ، دارایى و وردبینى ، داراى و بانک ، و کارگێرى پڕۆژەکانی زانکۆی سلێمانی” بەسەرپەرشتى چەند مامۆستایەکی ئەو بەشانە زیاتر لە ۱۰۰۰ کتێب بۆ کتێبخانەی زانکۆی هەڵەبجە کۆدەکەنەوە.
هەڵمەتی دۆستانی کتێبی زانکۆی سلێمانی لە بەروارى ٢١-١-٢٠١٩بەمەبەستى پێشکەشکردنى کتێب بە زانکۆى هەڵەبجە و لەماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە ١٠٠٠ کتێبی کۆکردوتەوە و بڕیارە لە داهاتویەکی نزیکدا ئەو ژمارە کتێبە بگەیەنرێنە زانکۆی هەڵەبجـە.
کەمپینی ۳۱۰۰۰ کتێب بۆ ڕۆحی ٥۰۰۰ شەهید ، یەکێکە لە چالاکیە فەرهەنگیەکانی زانکۆی هەڵەبجـە لە سی ویەکەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ، ئەنجام دەدرێت و مەبەست لێی دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی زانستیی زانکۆی هەڵەبجەیە و لە ئێستادا هاوڵاتیان و ڕۆشنیران لەتەواوی کوردستان و دەرەوەشدا پەیوەندیان بە هەڵمەتەکەوە کردووە.



