زانکۆی هەڵەبجە کۆلێژێکی نوێ لە قەزای شارەزوور دەکاتەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت لەپلانیدا هەیە بۆ خوێندنی ساڵی ۲۰۱۹ ـ ۲۰۲۰ کۆلێژێک له‌ قەزای شارەزوور و چەند بەشێک بکاتەوە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بۆ كاروباری کارگێڕی و دارایی پ.ی.د. ئیدریس کەریم  بە وێبسایتی زانکۆی رایگەیاند” لە کارنامەی خوێندنی ساڵی ۲۰۱٨ ـ ۲۰۱۹ دا یەکێک لەو پلانانەی کە کاری لەسەر دەکەین کردنەوەی کۆلێژێکی نوێ لە قەزای شارەزوور و چەند بەشێکی زانکۆکەمانە بۆ ساڵی داهاتوو”

پ.ی.د.ئیدریس کەریم ده‌ڵێت ” لەئێستادا زانکۆی هەڵەبجە بەشی زمانی کوردی لەقەزای شارەزوور دا هەیە و ستافی کارگێڕی و زانستی تایبەت بەخۆی هەیە و لەخوێندنی بەیانیاندا ۳٨۱ خوێندکارو لەخوێندنی ئێواران دا ٦۵ خوێندکاری لەخۆگرتوە ، هەروەها وتیشی”دەرچوانی بەشی زمانی کوردی تەنها ساڵی خوێندنی ۲۰۱۷ ـ ۲۰۱٨ ی هەیە و ژمارەی دەرچوان لەو ساڵەدا ۳۱ خوێندکاران. ئاماژه‌شی به‌و كرد كه‌ له‌ پلانماندایه‌ بۆ ساڵی ئاینده‌ ئه‌و به‌شه‌ فراوان بكه‌ین و بكرێته‌ كۆلێژێكی سه‌ربه‌خۆ”

زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ يەکێکە لە زانکۆ حکومیەكانى ھەرێمی کوردستان کە به‌فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره‌ (۱٦۷۰) له‌ به‌رواری ۲۰۱۰/۷/۸ ، وه‌ به‌ پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی حه‌وته‌م له‌ یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ژماره‌ی (۱۰) ی ساڵی ۲۰۰۸ وه‌ فه‌رمانی وه‌زاریی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ژماره‌ (ن/٦٦٤) له‌ ۲۰۱۰/۷/۱۲  سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی زانكۆكانی ( هه‌ڵه‌بجه‌ ، ڕاپه‌ڕین ، زاخۆ ، گه‌رمیان) لەلایەن کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی بۆ ده‌رچووه‌ و له‌ ئێستادا  لە پێنج كۆلێژ پێكهاتووه‌ كه‌ بريتين له‌:كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌ت،كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان،كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش،كۆلێژی زانست،كۆلێژی ئه‌ندازیاری.

دابەشکاریی بەشەکانى ئەم زانکۆیە بەم شێوەیەیە :
١. کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەت : بەشەکانى (زمانى ئینگلیزى ، زانستەکۆمەڵایەتیەکان ، زمانى عەرەبی، زمانى کوردى) لە خۆدەگرێت.
٢. کۆلێژى زانستەمرۆڤایەتیەکان: بەشەکانى (یاسا ، بنەماکانى ئاین ، مێژوو ، جوگرافیا) لە خۆدەگرێت.
٣.کۆلێژى پەروەردەى وەرزش : هەردوو بەشی (پەروەردەى وەرزشی بنەڕەت و بەشی پەروەردەى وەرزش) لە خۆدەگرێت.
٤. کۆلێژى زانست : هەریەک لە بەشەکانى (فیزیا ، زانستى کۆمپیوتەر) لە خۆدەگرێت.
٥. بەشی ئەندازیاریی بیناکاریی کە سەر بە سەرۆکایەتى زانکۆیە و بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا لە چوارچێوەى کۆلێژى ئەندازیاریدا جێی بکرێتەوە.

Sharing is caring!