ڕۆژی 2018/11/27 ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە ڕونكردنەوەیەكی سەبارەت بە پرۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان و ئاستی زانكۆی هەڵەبجە بڵاو كردەوە.
لە ڕونكردنەوەكەدا بە گرنگیەوە باس لە پرۆسەی نیشتمیانی زانكۆكان كراوە و وەك پرۆژەیەكی نیشتیمانی كاریگەر باس كراوە. هەر لە ڕونكردنەوەکەدا هاتوە ئەم پرۆژەیە كاریگەری گەورەی لەسەر گەشەپێدانی هەمەلایەنەی زانكۆكان دروستكردوە و دیارترین گرفتەكانی زانكۆی هەڵەبجەی تێدا هاتوە كە هۆكاربون بۆ تۆماركردنی ئاستی بەدەست هاتوو لە ریزبەندیەكەدا.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕونكردنەوەیەكەیە :
ڕونكردنەوەیەك لە ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجەوە
ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە بە گرنگیەوە لە پرۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان دەڕوانیت ، وەك ڕۆژەیەكی نیشتیمانی كاریگەر مامەڵەی لەگەڵ دەكات ، و پێمان وایە ئەم پرۆژەیە كاریگەری گەورەی لەسەر گەشەپێدانی هەمەلایەنەی زانكۆكان دروستكردوە ، لە هەمان كاتدا لامان ڕونە كە زانكۆمان ستافی ئەكادیمی پێویستی نیە و تاقیگە و باڵەخانە و ژێرخانی زانكۆشمان هێشتا كاری زۆریان دەوێ بۆ ئەوەی بە تەواوی ئامادەبكرێن و سەرچاوەی دارایی زۆربەی ئەم پرۆژانەش لە دەرەوە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێینەوەی زانستین هەروەها پێمان وایە كە مامۆستایانی زانكۆكەمان بە پێی پێویست نەیانتوانیوە توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەن و لە گۆڤارە ئاست بەرزەكانی ناوخۆ و دەرەوە بڵاوی بكەنەوە.
بۆیە زانكۆمان بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵ دەدات كە هەموو ئەو كەم و كورتیانەی كە بونەتە هۆی دابەزینی ڕیزبەندی زانكۆكەمان لە ئایندەدا چارەسەریان بكەین و بە وردی لە پێوەرەكانی ڕیز بەندی نیشتیمانی بڕوانین و خۆمان بۆ یەكەیەكەی ئەو پێوەرانە باشتر ئامادە بكەین.
هاوكات هیوامان دەخواست لە ڕیزبەندی گروپی (C) بە پێی پیتەكانی ئەلفبا بێت نەبوایە ، چونكە ئێمە دڵنیاین لە ناو گروپی (C)دا دوا زانكۆ نەدەبوین .
لێرەدا هەمو خوێندكاران و مامۆستایان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لە كارەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرز كردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆمان ، هەروەك سەرنج و تێبینیشمان لەسەر پرۆسەكە هەبوبێت ئەوا لە كەناڵی ڕەسمی و لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەت پەیامەكەمان دەگەینین . هەرشتیك لەسەر پرۆسەكە بوترێت ڕای كەسیەتیە و ڕای فەرمی زانكۆمان بەو شێوەیە كە ئاماژەمان پێكردوە.
ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە
2018/11/27
